سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریای دا و هەڕەشە لە هاوکارانی ڕژێمەی پێشووی ئەسەد دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریای واژۆ کرد و ڕیاگەیاند، ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو و ئاشتیخواز لەگەڵ خۆی و دراوسێکانی.
وتیشی"سووریایەکی یەکگرتوو کە پەناگەیەکی ئارام بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دابین نەکات و ئاسایشی کەمینەکانی مسۆگەر بکات، پاڵپشتی ئاسایش و خۆشگوزەرانی ناوچەکە دەبێت".
ئەوەشی خستەڕوو کە بارودۆخی سووریا گۆڕاوە بەهۆی پێشهاتەکانی شەش مانگی ڕابردوو و حکومەتی نوێی سووریاش بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع ڕێوشوێنی ئەرێنی گرتووەتەبەر.
ترەمپ ڕاشیگەیاند" هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا پاڵپشتی لە ئامانجەکانی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات، بەڵام "کارئاسانییەکانمان بۆ سووریا، داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی تر و پێشێلکارانی مافی مرۆڤ و ئەوانەی هۆکاری ناسەقامگیری بۆ وڵاتانی دۆست و دراوسی دێننە ئارا ناگرێتەوە".
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی"پێویستە هەنگاوی زیاتر بنرێت بۆ دەستەبەرکردنی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا، تاوانبارانی جەنگ و پێشێلکارانی مافی مرۆڤ و بازرگانانی مادەی هۆشبەر لە سووریا هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە نێوندگیری شازادەی سعودی لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە و بەڵێنی لابردنی سزاکانی ئەمریکای بۆ سەر سووریا دەرکرد لەبەرانبەر ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سووریا.