پێگەی هەواڵی ئەسکیۆس بڵاوی کردەوە، هەفتەی داهاتوو گەڕێکی دیکەی دانوستان لە نێوان ئێران و ئەمەریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکی تاران بەڕێوەدەچێت.
پێنجشەممە ٣ی تەممووزی ٢٠٢٥، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، لە زاری دوو سەرچاوە بڵاوی کردەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبێتەوە.
ئەو دوو سەرچاوەیە ئاماژەیان بەوە دا، گەڕی ئەمجارەی دانوستان لە نێوان ئەمەریکا و ئێران، لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج بەڕێوەدەچێت.
پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، باسی لەوە کردووە، وادەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ بەڕێوەچوونی دانوستانەکە دیاریی نەکراوە. لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کام لە دوو وڵاتەکە بە ئاشکرا دەستپێکردنەوەی دانوستانیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
هاوکات ئەو دوو سەرچاوەیە ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، ویتکۆف و عراقچی، لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا هەبووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا نێوەندگیری ئاگربەستی نێوان هەردوولای کرد.
تا ئێستا پێنج گەڕی دانوستانی ئەتۆمی لەنێوان شاندەکانی ئەمەریکا و ئێران بەڕێوەچووە، لە کاتێکدا بڕیاڕ بوو ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ، گەڕی شەشەمی دانوستان لە نێوانیاندا بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وڵاتەکە بەشداریکردنی لە دانوستانە ئەتۆمییەکە هەڵپەسارد.