دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە هێرشی سەربازیی
ئەم دواییە بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، وتی: ئۆپراسیۆنەکە توانای
پیتاندنی ئێرانی بە تەواوی لەناوبردووە و ئێران چیتر وەک ڕابردوو دروشمی توند دژ بە
ئەمریکا و ئیسرائیل هاوار ناکات.
لە وتارەکەیدا شەوی پێنجشەممە لە ویلایەتی ئایۆوا، ترەمپ
ئاماژەی بە بارودۆخی ناوخۆی ئێران کرد و وتی:
ئێران شوێنێکە کە پێشتر بە خراپترین شێوە باسی ئەمریکایان دەکرد، وەک "مەرگ بۆ
ئەمریکا" و "مەرگ بۆ ئیسرائیل". پێشتر بەڕاستی قسەی خراپیان دەگوت.
بەڵام ئێستا ئیتر قسەی خراپ ناکەن. تەنانەت ڕەنگە بیانەوێت یەکتر ببینن. پێموایە زۆر
بە تامەزرۆییەوە. دەبێت بزانین چی ڕوودەدات."
سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژە بە کاردانەوەی میدیاکانی ئەمریکا
وتی: ئەوان نەیانویست قبووڵ بکەن کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناوچووە، دەیانگوت
کەمێک زیانی پێگەیشتووە یان زیانێکی زۆری پێگەیشتووە، بەڵام ئامادە نەبوون وشەی لەناوبردن
بەکاربهێنن. ئێستا سەلمێنراوە کە بە تەواوی لەناوچووە و تەنانەت کۆمیسیۆنی ووزەی ئەتۆمیش
پشتڕاستی کردۆتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژە بە بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە قەتەر
باسی لەوە کرد کە تەنیا چوار هێزی بەرگری لە شوێنی ڕووداوەکە بوون و کاتێک ئێران ١٤ موشەکی پێشکەوتوو و خێرای ئاراستە کرد، سەرجەمیان
لە لایەن سیستەمی بەرگری ڕێگری لێکراون و خرانە خوارەوە.
وتی: ئێران تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی بڕیارە ١٤ موشەکمان ئاراستە
بکەن، منیش وتم بیکەن. وە تەقەیان کردووە، بەڵام هەر یەکێک لە مووشەکەکان خراوەتە خوارەوە.
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە: "دەبێت سوپاسگوزاری
سەربازیی خۆمان بین. ئەوان شتێکیان کرد کە پێویستە وەک یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنە
سەربازییەکانی ئەمریکا بناسرێت".
سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژە بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی وتووێژ
لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بە ڕۆژنامەنووسانی وت "ئێران بەڕاستی دەیەوێت قسە بکات
و پێموایە ئەوان پێیان خۆشە قسە لەگەڵ من بکەن. کاتی ئەوە هاتووە ئەو کارە بکەن".
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە بەدوای گرژیدا ناگەڕین،
دەمانەوێت دەرفەتێکی دیکە بدەین بە ئێران تا وەک وڵاتێکی ئاسایی بناسرێت، بە توندی
لێیان دراوە و، بەڕاستی هەردوولا ماندوو بوون؛ ئەگەر ڕاستگۆ بین.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەگەری خولێکی نوێی دانوستان لە
نێوان نوێنەری کۆماری ئیسلامی و نوێنەری تایبەتی حکوومەتی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک
کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕێژیمی ئێران بە تەواوی ڕابگرێت، جارێکی دیکە دەرکەوتەوە.