تورکیا لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنەکانی پردێی کەرکوک دەکات


 وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئونجو کەچەلی لەبارەی هەڵوێستی تورکیا لەمەر ڕووداوەکانی پارێزگای کەرکووک و نارەزایەتییەکان لە شارەدێی ئالتوون کۆپرو (پردێ)، ڕایگەیاند، تورکیا "لە نزیک و بە هەستیارییەوە"چاودێری پەرەسەندنەکان دەکات.

رۆژی هەینی ٤ ی تەموز ئونجو کەچەلی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X  لەبارەی پەرەسەندنەکانی شارۆچکەی پردێ پەیامێکی لەمەر خۆپیشاندانەکانی ئەو شارۆچکەیە بڵاوکردەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وێڕای ئاماژەدان داوا دەکات کە هاوخوێنە تورکمانەکان بە شێوەیەکی شایستە بەشدار بن لە پێکهاتەی سیاسی و دەوڵەتی عێراق و دەڵێت،  "ڕەچاوکردنی ئەم بابەتە لە هەموو دامودەزگاکانی کەرکووک و لەسەرووی هەمووشیانەوە لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە، گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە".

کەچەلی وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە، دانانی بەڕێوەبەرێک کە تورکمان نەبێ لە شارەوانی (شارەدێی) ئاڵتوون کۆپرو سەر بە کەرکووک کە دانیشتووانەکەی بە چڕی تورکمانن، نیگەرانی و نائومێدی بە حەقی تورکمانەکانی لێ کەوتووەتەوە، ڕایگەیاندووە، "ئاشتی و سەقامگیری کەرکووک کە خاوەنی پێکهاتەیەکی ئەتنیکی و ئایینی تایبەت بە خۆیەتی و مودێلێکی بچووککراوی عێراقە، بۆ ئاشتی و سەقامگیری هەموو عێراق گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە".

لە کۆتاییدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئونجو کەچەلی جەختی لەوە کردووەتەوە کە، "پەرسەندنەکان لە کەرکووک، لە لایەن دەوڵەتەکەمانەوە لە نزیکەوە و بە هەستیارییەوە چاودێری دەکرێت".

ئەوە لە کاتێکدایە ماوەی هەفتەیەکە لە شارۆچکەی پردێ لەسەر گۆڕینی سەرۆکێکی شارەوانی کورد بە ئافرەتێکی کورد بە کاتی، ناڕەزایەتییەکی زۆری لەنێو تورکمانەکان بە مەدەنی و میلیشیاکانەوە دروستکردووەو داوای چەند بەڕێوەبەرێکی پۆستە ئیدارییەکانی ئەو شارە دەکەن و، لەیەکەم رۆژی خۆپیشاندانەکەدا چەندین بنکەی حکومیان بە زەبری چەک داگیرکردو چەند پۆلیسێک برینداربوون و، چەندان بینا و ئۆتۆمبیل زەرەریان بەرکەوت.    




PM:09:26:04/07/2025