بەپێی نوێترین زانیارییەکان، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی خستووەتە سەر چەندین تۆڕی سەر بە ڕژێمی ئێران، کە لە ژێر ناوی نەوتی عێراقدا، نەوتی ئێرانیان دەفرۆشت، هەروەها دامەزراوەیەکی دارایی سەر بە حیزبوڵای لوبنانیش لە لیستی سزاکاندایە.
نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڵاویکردەوە: "سزاکان بەسەر تۆڕێک کۆمپانیا و کەسایەتیدا سەپێنراون، کە ملیارەها دۆلار نەوتی ئێرانیان گواستووتەوە و فرۆشتوویانە. بەشێکی بەرچاو لەم چالاکییە بۆ بەرژەوەندیی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ڕژێمی ئێران بوو، کە لە لایەن ئەمریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دەستنیشان کراوە".
ئاشکراشی کردووە: "تۆڕەکە لە لایەن سەلیم ئەحمەد سەعید، بازرگانێکی عێراقییەوە بەڕێوەدەبرێت و نەوتی ئێرانی لەگەڵ نەوتی عێراق تێکەڵ کردووە یان وەک نەوتی عێراقی بە کڕیارە نێودەوڵەتییەکانی فرۆشتووە. جگە لەوەش، سزاکان دامەزراوەیەکی دارایی پەیوەست بە حیزبوڵای لوبنانیش دەگرنەوە، کە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە ئاسانکاری چالاکییە داراییە نایاساییەکان. ئەو دامەزراوەیە وەک بەشێک لە تۆڕێکی فراوانتری پشتیوانی دارایی بۆ گروپە بە وەکالەتەکان لە ناوچەکەدا دەستنیشان کراوە".
ئەوەش لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە دوایین لێدوانیدا سەبارەت بە ئێران رایگەیاند" بەشێکی زۆری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەناوچووە، بەڵام تاران ئامادە نییە دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم بێت بۆیە زەحمەتە لەگەڵ ئێران بگەن بە ڕێکەوتن".