سەرۆکی سێ شارەوانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەستبەسەرکران

سەرۆکی سێ شارەوانی سەر بە پارتی گەلی کۆماریی تورکیا بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی و بەرتیلوەرگرتن دەستبەسەرکران.

میدیای تورکیا بڵاویکردەوە کە عەبدولڕەحمان توتدەرە، سەرۆکی شارەوانی سەمسوری باکووری کوردستان، زەیدان کارالار، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەدەنە و محێدین بۆجاک، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئەنتاڵیا دەستبەسەرکراون کە سەرجەمیان سەر بە پارتی گەلی کۆماری "جەهەپە"ن.

عەزیز ئیحسان، سەرۆک داواکاری گشتی ئیستانبوڵ ڕایگەیاند، سەرۆک شارەوانییەکان بە تۆمەتی بەرتیلوەرگرتن دەستبەسەرکراون.

دوای دەستبەسەرکردنی تۆمەتبارەکانیش، پۆلیسی تورکیا لێکۆڵینەوە و پشکنینی لە بینای شارەوانییەکان دەستپێکرد.

لای خۆشیەوە "جەهەپە" دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییەکانی ئیدانە کرد و بە مانۆڕێکی سیاسی وەسفیکرد.

مانگی ئازاری ڕابردووش پۆلیسی تورکیا، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵی بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرد.



AM:09:51:06/07/2025