دۆناڵد ترەمپ: هیوادارم ناچار نەکرێین دووبارە ‌هێرش بکەینەوە سەر ئیران

دۆناڵد ترەمپ لە ئێوارەخوانێکدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، لە کۆشکی سپی، ڕایگەیاند" هیوادارم ناچار نەکرێین دووبارە ‌هێرش بکەینەوە سەر ئیران".

دۆناڵد ترەمپ لە ئێوارەخوانێکدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆشکی سپی، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند" ئێرانییەکان دەیانەوێ گفتوگۆمان لەگەڵ بکەن، ئێمەش بەرنامەمان بۆ گفتوگۆ دارشتووە، هێرشەکانی ئێمە بۆ سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران، زەبرێکی گەورەی لێیان داوە".

سەرۆکی ئەمەریکا، جارێکی تر جەختی لەوە کردەوە، هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بووەتە هۆی وێرانکردنی تەواوەتی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران. ترەمپ  هەروا وتی:" ئێمە بە گەورەترین بۆمب لە مێژوودا ئەوانمان بۆمباران کرد و دەمانەوێ ئێران، لە چەکی ئەتۆمی داماڵین. هێرشەکەی ئێمە سەرەتای کۆتایی شەڕەکە بوو و بینیشمان چۆن خێرا کۆتایی بە شەڕەکە هات".

لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند" دوو شێرپەنجەی لەناوچووە یەکیان بەرنامەی ئەتۆمی و ئەوی دیکەش بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی ئێرانە"، وتیشی" چاودێری دەکەین ئێران هیچ کات نەتوانێت ئەو دوو توانایە بەدەست بهێنێتەوە".




AM:10:24:08/07/2025