وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند'' تاران خەریکی تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانە لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.''
عەباس عێراقچی وتی "ئێمە خەریکی تاوتوێکردنی کات، شوێن، شێواز، پێکهاتە و ئەو گەرەنتییانەین کە بۆ دانوستاندن لە ئێران داوا دەکرێن."
جەختیکردەوە، وڵاتەکەی بۆ دیپلۆماسی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە ئامادەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەند هەفتەیەک پێش ئێستا ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان کردە سەر دامەزراوەکانی.
دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن لە مانگی نیسانەوە دەستیان پێکردبوو، بەڵام دوای ئەوەی ئیسرائیلی هاوپەیمانی ئەمریکا، لە ١٣ـی حوزەیران هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، هەوڵەکان پەکیان کەوت، کە ئەمە تەنیا دوو رۆژ پێش کۆبوونەوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو بوو لە عومان.