سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند'' فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە هێرش بکەنە سەر هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە پارێزگای سوەیدا.''
بنیامین نەتەنیاهۆ، ئاماژەی بەوەکردوە، چوونی هێزەکانی حکوومەتی سووریا بۆ ناو پارێزگای سوەیدا پێشێلکردنی ڕێککەوتنی چەکداماڵینە کە پێشتر ڕاگەیەنراوە. جەختیشی کردووەتەوە، پابەندن بە پاراستنی دروزەکانی سووریا لەسەر بنەمای برایەتیی هاوبەشیان لەگەڵ دروزەکانی ئیسرائیل.
لە لایەکی دیکەوە کەناڵ ١٤ی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانی حکوومەتی سووریا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکی بووە.
هاوکات سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند'' لەسەر فەرمانی نەتەنیاهۆ، چەک، تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی حکوومەتی سووریایان لە پارێزگای سوەیدا بۆمباران کردووە. ''
ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی چەند ڕۆژێک لە پارێزگای سوەیدا لە سووریا گرژی و ناکۆکی هەیە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتی کوژراون و زۆرینەی لایەنەکان هێزەکانی حکومەتی سوریا بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانە تۆمەتبار دەکات.