دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند" حکومەتی ئێران ئامادەیە قسە بکات، بەڵام من پەلە ناکەم بۆ قسەکردن لەگەڵ ئێران".
ترەمپ وتیشی" کە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی لەناوبردووە، تا ئەو ڕادەیەی کە ئیتر بەکارنەهێنرێت".
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی" ئێمە دامەزراوەکانیان وێران کرد و دەبێت سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە، بەجۆرێک وێران بووە کە چیتر بەکارهێنراو نەبێت و دەبێت شاخێکی دیکە بدۆزنەوە."
هەروەها ئاماژەی بە "سەرکەوتنی گەورەی” ئەمریکا و ئیسرائیل کرد لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا و دەشڵێت" هیچ سەرۆکێکی تر نەیدەوێرا ئەم کارە بکات".
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ستیڤ ویتکاڤ نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ڕوونی بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندووە کە هەر دانوستانێکی داهاتوو دەبێ ڕاستەوخۆ ئەنجام بدرێت نەک لە ڕێگەی ناوبژیوانێکەوە، بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە لێکتێگەیشتن و خێراکردنی پرۆسەی دانوستانەکان.
لای خۆشییەوە ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێشتا کات و شوێنی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ڕوون نەکراوەتەوە و بەشداری ئێران لەم وتووێژانەدا بەندە بە دڵنیابوون لە "کاریگەری”یان.
جەختیشی لەوە کردەوە: تا ئەوکاتەی کاریگەری دیپلۆماسی و پڕۆسەی دانوستان مسۆگەر نەکەین، ناچینە ناو پرۆسەیەکی لەو شێوەیە.
ڕۆژنامەکە نووسیویەتی، ئیدارەی ترەمپ پێی وایە کۆماری ئیسلامی تەنانەت دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل هێشتا ئامادەیە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بگەنە ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی.