ئەحمەد شەرع پاراستنی ئاسایشی سوەیدای بە هێزە خۆجێییەکان ڕادەسپێرێت

سەرۆک کۆماری کاتی سووریا، ڕایگەیاند'' بۆ رێگری لە شەڕێکی گەورە، ئاسایشی سوەیدایان بە هێزە خۆجێییەکان سپارد.'' 

ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری کاتی سووریا رۆژی پێج شەممە لە وتارێکدا لە بارەی رووداوەکانی سوەیدان کە ئاراستەی هاوڵاتیانی سوریای کرد، ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە لەدوای رووخانی رژێمی پێشووەوە، بەردەوام هەوڵی تێکدانی سەقامگیری و دروستکردنی ئاژاوە لەنێو خەڵکی سووریادا دەدات. 

ئەحمەد شەرع لە درێژەی وتارەکەیدا، وتیشی "باش دەزانین کێ هەوڵدەدات رامانکێشێتە ناو شەڕ و کێ دەیەوێت دابەشمان بکات، هەرگیز ئەو دەرفەتەیان پێنادەین گەلەکەمان بخەنە ناو شەڕێکەوە کە ئامانج لێی تەنیا پارچە پارچەکردنی نیشتمانەکەمان و پەرشکردنی هەوڵەکانمانە بەرەو ئاژاوە و وێرانکاری."

ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسایشی سوەیدایان بە هێزە خۆجێییەکانی ناو شارەکە ڕاسپرادوە و سوپا و هێزەکانی ناوخۆ پاشەکشەیان پێکراوە. ئەم هەڵوێستەی سەرۆک سوریا، داوی ئەوە دێت کە ئیسرائیل باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری و ئەرکانی سوپای سووریا و چەندان شوێنێ سەربازی بۆردوومان کردو جەختی کردەوە بەردەوام دەبێت لە بۆردومان کردن تا دەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی شەرع پاشەکشە لە سوەیدا دەکەن.

 ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردو لە پارێزگای سوەیدا لەباشووری سووریا، شەڕ لەنێوان دروزەكان و چەند هۆزێکی عەرەب دروستبوو، هێزەکانی حکومەتی سوریا لە بری ناوبژیوان دەستیان بە هێرشکردنە سەر شاری سوەیدان و دروزەکان کرد، بەوهۆیەوە نزیکەی ٣٠٠ کەس لە هەردوولا کوژرا.




AM:10:54:17/07/2025