ئەردۆگان: رێگا نادەین هاوڵاتیانی کورد ببنە مەزەی سەر خوانی زایۆنیزم


لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کابینە وەزارییەکەی، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، "هاووڵاتیانی کوردی سووریاش هاوشێوەی هاووڵاتییە کوردەکانی ناو سنووری وڵاتەکەمان، برای ئێمەن. ڕێگە نادەین ببنە مەززەی سەر خوانی زایۆنیزم" و، وتیشی، "گۆڕانکارییەکانی سووریا لە نزیکەوە چاودێری دەکەین و بەردەوامیش دەبین".

ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرکۆماری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر پرسەکانی ڕۆژەڤ قسەی کرد.

لەسەرەتای وتارەکەیەدا، باسی لە هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی لە وڵاتەکەی و ئامانجەکانی سەدەی تورکیای کرد و وتی "لە هەوڵێکی فرەڕەهەندداین بۆ دەربازکردنی وڵاتەکەمان لەدەست نیوسەدە کۆتوبەند. ئەگەر پێویست بێ ڕیسک بکەین ئەوە دەیکەین، پێویست بە خەباتیش بێ، ئەنجامی دەدەین".

 ئەردۆغان وتیشی "گەلەکەمان بزانێت کە ئێمە بە دوای داهاتووی سیاسی خۆماندا نین، بەڵکو بە دوای گەرەنتیکردنی داهاتووی گەلەکەمان و وڵاتەکەمانداین".

لە بەشێکی دیکە وتەکانیدا ڕەخنەی لە کردەوە شەڕئەنگێزییەکانی ئیسرائیل گرت و وتی: "ئیسرائیل وڵاتێکی تیرۆریستییە کە یاسا ناناسێت، پرەنسیپ نازانێت، بێ بنەما و بێ چاوڕوویە. ئیسرائیل بە بیانووی دوورزییەکان، دوو ڕۆژە پەرەی بە چەتەگەری خۆی لە وڵاتی دراوسێمان سووریا داوە".

هۆشداری ئەوەشی دا  "ئەوانەی بە پەتی ئیسرائیل دەچنە ناو بیرەوە، ئەوە درەنگ و یان زوو هەست بە هەڵەی لێکدانەوەی خۆیان دەکەن".
پەیوەنیدار بە دۆخی سووریا، سەرکۆماری تورکیا وتی: "سووریایەکی سەقامگیری، سەقامگیری بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە بەدی دەهێنێت. بە پێچەوانەوە دەبێ باری لەسەر شانی هەموو لایەک بێت. وەزارەت و یەکە ئەمنییەکانی ئێمە لەگەڵ لایەنە بەرامبەرەکانیان لە سووریا لە پەیوەندی دان. گۆڕانکارییەکانی سووریا لە نزیکەوە چاودێری دەکەین و بەردەوامیش دەبین . سیاسەتی بنەڕەتی ئێمە پاراستنی یەکپارچەیی و یەکگرتوویی نەتەوەیی و پێکهاتەی (دەوڵەتی) یەکگرتوو و هەروەها فرەڕەهەندی شوناسی کولتووری سووریایە ".

ئەردۆغان ڕاشیگەیاند: "هاووڵاتییە کوردەکانی سووریاش هاوشێوەی هاووڵاتییە کوردەکانی ناو سنووری وڵاتەکەمان، برای ئێمەن. ڕێگە نادەین ببنە مەززەی سەر خوانی زایۆنیزم".

"ئەوانەی (ئیسرائیل) لە ڕێگەی ستەم و کۆمەڵکوژی بە دوای داهاتووی ئارامی خۆیانن، لەبیر نەکەن ئەوان میوان و ئێمە خانەخوێین. ئێمە خاوەنی ئەو خاکانەین".( ئەردۆغان وای راگەیاند).

لە کۆتاییدا سەرکۆماری تورکیا وتی "بە ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی دەرەوەی جێی شانازی، هەوڵەکانی ئاشتی و پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان، بە دوای بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی داین. کێشەمان لەگەڵ هیچ کەسدا نییە. بەچاوی سووکیش سەیری کەس ناکەین، بە دیدێکی دوژمنانەش لە کەس نزیک نابینەوە. دەستدرێژی ناکەینە سەر ماف، یاسا و سەروەری کەسیش. تەنیا ئاشتیمان دەوێت".




AM:12:15:18/07/2025