گۆڤارێکی ئەمریکی رایدەگەیەنێت کە ئێران سڕبوونی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا بەکاردەهێنێت و هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدات، دەشڵێت" باشترین ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بریتییە لە، ڕێککەوتن و دانووستان".
ئەمڕۆ شەممە ١٩ی تەمموز گۆڤاری ناشناڵ ئینترێستی ئەمەریکا لە راپۆرتێکدا رایدەگەیەنێت کە بڕیاری ئێران بۆ وەستاندنی کارەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی لە ٢ی تەممووز، واتای کشانەوەی ئێران دەدات لە پەیماننامەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەتۆمی.
بە گوێرەی گۆڤارەکە ئێران سڕبوونی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا وەرگرتووە و هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەدات.
ناشناڵ ئینترێست ئاماژەی بەوەدا کە بارودۆخی ناوخۆی ئێران ئەگەری هەیە ببێتە هۆی هەرەسهێنانی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتۆن بەهۆی پێداگری تاران لەسەر بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم، کە بەگوێرەی گۆڤارەکە دەبێتە هۆی ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و واشنتۆن پەنا بۆ هێرشی سەربازیی زیاتر ببەن.
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ترەمپ دوای هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، فشارەکانی زیاتر کردووە، دەڵێت" پێدەچێت ململانێی زیاتر بێتە ئاراوە"، دەشڵێت" ئەو ئاڵۆزییانە وا دەکات جەنگێکی بێ کۆتایی سەرهەڵبدات کە تێیدا چەندین ئێرانی و ئەمەریکی و ئیسرائیلی گیان لەدەست بدەن".
گۆڤارە ئەمریکییەکە لە کۆتاییدا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە، باشترین ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بریتییە لە، ڕێککەوتن و دانووستان، ئاماژەی بەوەشدا کە، ترەمپ چانسی ئەوەی هەیە ڕۆڵی خۆی لە ئاشتیدا بگێڕێت، "بەڵام تا ئێستا ئەو ڕۆڵەی نەبینووە".