وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: کورد یا خود دروز بوون لە سوریا زۆر مەترسیدارە

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت" لە سووریای سەردەمی ئەحمەد شەرع زۆر ترسناکە کورد یاخود دروزبیت، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووشدا ئەمە سەلمێنراوە".

ئەمڕۆ شەممە ١٩ی تەمموز جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریای دایەوە و ئاماژەی بەوەدا "گوتارەکەی شەرع پشتیوانی بوو لە جیهادییەکان و بەدەوەییەکانی وەکوو کەسانی خاوەن شەرەف و بەها وەسف کرد. هەروەها دژی دروزەکان قسەی کرد کە قوربانین. پوختەی قسەکە ئەوەیە لە سووریای سەردەمی ئەحمەد شەرع زۆر ترسناکە کورد یاخود دروزبیت، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردووشدا ئەمە سەلمێنراوە."

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختیشی لەوە کردەوە "ئەرکی پاراستنی کەمینەکانی سووریا، لەسەر شانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە."

ئەمە لە کاتێکدایە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە کۆتایی بە "خوێنڕێژی" لە سوەیدا بهێنرێت و لێکۆڵینەوەی "بێلایەنانە" لە تووندوتیژییەکان بکرێت، کە بە گوێرەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی کوژراوان 700 کەسی تێپەڕاندووە. 




PM:04:33:19/07/2025