یەکێتیی ئەورووپا پێشوازی لە ڕێککەوتنی سووریا و ئیسرائیل دەکات

یەکێتیی ئەورووپا داوا  لە حکوومەتی سووریا دەکات هەنگاو بەرەو یەکگرتنەوە و پاراستنی وڵاتەکەیان بنێت.

ئەمڕۆ شەممە ١٩ی تەممووز ٢٠٢٥، یەکێتیی ئەورووپا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ئاگربەستی سووریا بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان سووریا و ئیسرائیل دەکەین، کە بە پشتگیریی ئەمەریکا و لایەنەکانی دیکە ڕاگەیەندرا.
یەکێتیی ئەورووپا داواش لە ئیسرائیل و گرووپەکانی دیکەی دەرەکی دەکات ڕێز لە سەروەریی خاکی سووریا بگرن.

داواشی کردووە، هەموو لایەک ڕێز لە ڕێککەوتنەکە بگرن و هەموو کردەوەیەکی توندوتیژیی ڕابگرن و پاڕێزگاری لە هاووڵاتییانی مەدەنی بکەن، هاوکات ڕێگری لە هاندان بۆ توندوتیژی و گوتاری تائیفی بگیرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، بە توندوتیژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بەرانبەر هاووڵاتییانی مەدەنی حەپەساون، داواش دەکات هەر لایەنێک پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی مرۆڤ کردبێت، لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت و ڕووبه‌ڕووی دادگا بكرێنه‌وه‌.

یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەشی داوە، ئێستا کاتی گفتوگۆکردنە، بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بێت، دەبێت حکوومەتی سووریا لەگەڵ گرووپە ناوخۆییەکان بەبێ جیاوازی هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن و هەنگاوی جیددی لە بەرانبەر یەکگرتنەوە و پاراستنی سووریا و چەکداماڵین و داڕشتنەوەی هێزەکان بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بنێنن. یەکێتیی ئەورووپا ئامادەی خۆشی بۆ هاوکاریکردن لەم هەوڵانە پیشان داوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ تۆم باراک نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا رایگەیاند کە ئاگربەستێک لە نێوان حکومەتی سوریا و ئیسرائیل ڕاگەیەنراوە.




PM:06:11:19/07/2025