لە شارێکی ئەڵمانیا٥٠ کەس لە لایەنگرانی ئەحمەد شەرع هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەرانی کورد و هەردولا لە شەڕێکی دەستەویەخەدا لە یەکتریان داوە.
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، ٢٠ی تەممووز ٥٠٠ کەس لە کوردانی شاری دۆسلدۆرفی ئەڵمانیا و دەوروبەری بۆ پشتیوانی لە خەڵکی سوەیدا و سەرکۆنەکردنی کارەکانی حکوومەتی نوێی سووریا خۆپیشاندانێکیان کرد؛
هاوکات لە نزیک شوێنی خۆپیشاندانەکە، ٢٥٠ هاووڵاتیی دیکە بۆ پشتیوانی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا گردبوونەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی پۆلیسی دۆسلدۆرف، ٥٠ کەس لە لایەنگرانی ئەحمەد شەرع هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەرانی کورد و هەردولا لە شەڕێکی دەستەویەخەدا لە یەکتریان داوە. پۆلیسی شارەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەنجامی ڕووداوەکە، چەندان کەس بریندار بوونە و چوار کەس لە هێزەکانی پۆلیسیش برینداربوونە.
پۆلیسی دۆسلدۆرف باسی لەوەش کردووە، سەدان پۆلیس چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، کۆنتڕۆلی شەڕەکەیان کرد، هەردوو لایەنی شەڕکەریان لێک جیاکردەوە و چوار کەسیشیان لە هێرشبەران دەستگیر کردوون.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە هێرشی بەدەوییەکان بە پشتیوانی حکومەتی کاتی سوریا سەرەرای ئاگربەست بۆ سەر ناوچە دروزەنشینەکان بەردەوامە و تا ئێستا زیاتر لە هەزار کەس بە هۆی ئەو هێرشانەوە بوونەتە قوربانی.