میدیای ئیسرائیل: تورکیا سێ جار ئەحمەد شەرعی لە هەوڵی تیرۆکردن ڕزگار کردووە

میدیای ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، تەنها لەماوەی حەوت مانگدا، هەواڵگریی تورکیا سێ جار سەرۆککۆماری سووریا لە هەوڵی تیرۆکردن ڕزگار کردووە. 

ماڵپەری  یەنی شەفەقی تورکی لەسەر زاری میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە ئەحمەد شەرع لە ماوەی حەوت مانگی کۆتایی ئەمساڵدا، سێ جار بەسەر یەکەوە هەوڵی کوشتنی دراوە، هەر سێ جارەکە هەواڵگری تورکیا پێی زانیووە و پووچەڵی کردووەتەوە، تەنانەت هێزە ئەمنییەکانی تورکیا چەند جارێک ڕێگرییان لە کوشتنی ئەحمەد شەرع کردووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان یەکەمین هەوڵی تیرۆرکردنی دژی شەرع لەکاتی دەرچوونی کۆشکی قەسر شەعب لە دیمەشقی پایتەخت بووە، لەگەڵ بینینی چالاکیی گوماناوی، هێرشبەرەکە دەستبەجێی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کوژرا.

دووەمین هەوڵی هێرشکردن لە پارێزگای دەرعا، لەسەر سنووری ئوردن کراوە. هێزە ئەمنییەکانی سووریا و تورکیا دوو تۆمەتباریان لەسەر ڕێگای کاروانەکانی شەرع لە سەردانەکەی بۆ ناوچەکە دەستنیشانکرد. بە گۆڕینی ڕێڕەوی سەفەرەکە، ڕێگری لە هێرشەکە کرا. ڕووداوەکە بەبێ ئەوەی بۆ ڕای گشتی ڕابگەیێنرێت، داخرا.

سێیەم و جددیترین پلانی کوشتن، ئەمجارە  بۆسەیەکی چەکداری بوو کە لەسەر ڕێگایەکی جێگیر لە دیمەشق دانرابوو. ئامادەکارییەکانی هێرشەکە کە لە کۆتا خوولەک دا لەلایەن هەواڵگری تورکیا وهێزە ناوخۆییەکانەوە زانرا، پێش ئەوەی بتوانرێت بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پووچەڵکرایەوە. دوای ماوەیەکی کەم ئەحمەد شەرع لە ناکاو دیمەشقی جێهێشت.




PM:02:37:22/07/2025