ئەمریکا بە فەرمی لە رێکخراوی یونسکۆ کشایەوە

ئەمریكا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەروەردە و خوێندن و ڕۆشنبیری (یونسكۆ) كشایەوە.

ئیدارەی ئەمریكا پێیوایە بەردەوامی بەشداریكردنی لەم رێكخراوە، هیچ خزمەتێك بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی ناكات و؛ یونسكۆ كار بۆ بانگەشەكردن بۆ ئەو پرسە كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییانە دەكات، كە دابەشكاری دروست دەكەن.

ڕۆژنامەی (نیویۆرک پۆست) بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاریداوه‌، وڵاتەکەی لەڕێکخراوی پەروەردەیی، زانستی‌ و ڕۆشنبیریی نەتەوەیەکگرتوەکان کە بە(یونسکۆ) ناسراوە، بکێشێتەوە.

سەرچاوەیەکی کۆشکی سپی بەڕۆژنامەکەی وتوه‌، ترەمپ پێیوایە ڕێکخراوەکە دیدگای دژە ئەمریکا و ئیسرائیلی هەیە، بۆیە بڕیاریداوە لەڕێکخراوەکە بکشێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ لەیەکەم خولی سەرۆکایەتیدا لەساڵی ٢٠١٧دا بڕیاریدا و ئەمریکای لەیونسکۆ کشاندەوە، ئەمەش دوای ناکۆکی لەسەر سیاسەت ‌و هەڵوێستی ڕێکخراوەکە بەرامبەر بەئیسرائیل، دواتر لەساڵی ٢٠٢٣ لەکاتی سەرۆکایەتی جۆ بایدن، ئەمریکا گەڕانەوەی خۆی بۆ ناو ڕێکخراوەکە ڕاگەیاند.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ لەخولی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەیدا، لەژمارەیەک دامەزراوەی دیکەی نێودەوڵەتی کشایەوە، لەوانەش ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی‌ و ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکان.

هەروەها لەڕێککەوتنی نێودەوڵەتی کەشوهەوا کە لەپاریس واژۆکراوە کشایەوە، دواتریش لەڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران‌ و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە.

کاتێک جۆ بایدن دەستبەکاربوو، ئەمریکای گەڕاندەوە ناو یونسکۆ و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی‌ و ڕێککەوتنی کەشوهەوا، بەڵام کاتێک ترەمپ دووبارە هەڵبژێردرایەوە، بڕیاریدا بگەڕێتەوە سەر شێوازی پێشووی ‌و دووبارە لەو دامەزراوە نێودەوڵەتیانە بکشێتەوە.





PM:08:05:22/07/2025