پزیشکیان: ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن بکەین

سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن بکەن.
 
ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیان لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە" حکومەتەکەی ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکان پەیوەندییەکی بنیاتنەری هەبێت لەسەر بنەمای دادپەروەری دەتوانن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنیش گفتوگۆ بکەن، چونکە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێران پێویستی بە گفتوگۆیە نەک رووبەڕووبوونەوە".
 
سەرۆک کۆماری ئێران وتیشی" ئەگەر پاڵپشتیی عەلی خامنەیی نەبا، هیچکات نەیدەتوانی پارێزگاری سوننە بۆ پارێزگاکانی سنە و سیستان و بەلوچستان دابنێت". 
 
پزیشکیان ئاماژەی بەوەداوە، روانگەی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران گۆڕدراوە و تێگەیشتوون بەشێک لەو تۆمەتانەی دەدرێتە پاڵ دەستەبژێرەکانی ئێران، پیلان و فێڵی نەیارانی کۆماری ئیسلامییە.
 
پزیشکیان دەشڵێت" لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە پێشنیازی گۆڕینی پایتەختی ئێرانیان هێناوەتە بەرباس، چونکە چیدیکە ناکرێ تاران وەکو پایتەختی ئێران بمێنێت، بەهۆی ئەو کێشە زۆرانەی هەیەتی".




PM:10:00:22/07/2025