لەسەر بەدخۆراکی غەزە هۆشداری زیاتر دەدرێت

ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ئەمڕۆ ڕایانگەیاند'' بەشێک لە منداڵانی غەزە کە تەمەنیان لە نێوان شەش مانگ بۆ پێنج ساڵدایە، هەروەها ژنانی دووگیان و شیردەر، بەدەست بەدخۆراکییەوە گرفتارن.''

لە بەیاننامەیەکدا ئەو ڕێکخراوە بڵاویکردەوە ''بەکارهێنانی برسێتی وەک چەکی شەڕ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل لە غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و کارمەندانی تەندروستیی ئێستا هەموو ڕۆژێک ٢٥ حاڵەتی نوێی بەدخۆراکی تۆمار دەکەن.''

ئاماژە بەوەشکراوە، ژمارەی نەخۆشانی بەدخۆراکی لە ١٨ـی ئایارەوە چوار هێندە زیادیکردووە، هەروەها ڕێژەی بەدخۆراکی لەنێو منداڵانی خوار پێنج ساڵ لە دوو هەفتەی ڕابردوودا سێ هێندە زیادیکردووە.

ڕێکخراوەکە دەڵێت'' ئەمە برسێتییەکی بە ئەنقەستە، بەهۆی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلەوە لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانیان بۆ جینۆساید.'' 




PM:01:22:25/07/2025