دادگای پاریس ئەمڕۆ بڕیاری یەکلاکەرەوە دەربارەی دەستگیرکردنی سەرۆک کۆماری پێشووی سووریا دەردەکات، ئەسەد تۆمەتبارە بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی
ئەمڕۆ هەینی، ٢٥ی تەممووز، ئاژانسی فرانس پرس بڵاویکردووەتەوە، دادگای تێهڵچوونەوەی پاریس ئەمڕۆ لە دانیشتنێکی فەرمیدا بڕیاری دەستگیرکردنی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری پێشووی سووریا دەدات.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەسەد چەکی کیمیایی دژی هاووڵاتییانی بەکارهێناوە و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە و بۆیە پێویستە دەستگیربکرێت.
لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ، دادگای پاریس بڕیاری دەستگیرکردنی بەشار ئەسەدی دەرکرد، بەهۆکاری ئەوەی لەشەڕ و ئاڵۆزییەکانی ساڵی ٢٠١٣وڵاتەکەی لە دەورووبەری دیمەشق چەکی کیمیایی بەکارهێناوە و بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانی دیکەش بریداربوون، هەرچەندە حکوومەتی ئەوکاتی سووریا و هاوپەیمانەکانی ئەو تۆمەتانەیان رەتکردەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەشار ئەسەد تەنها رۆژێک پێش روخانی دەسەڵاتەکەی و گەیشتنی هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ دیمەشق بەرەو روسیا هەڵات و لەو کاتەوە لە مۆسکۆ ژیان دەکات.