فیدان بە نا ڕاستەخۆ هەڕەشە لە هەسەدە دەکات


وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان لە نوێترین لێدوانیدا بە ناراستەوخۆ هەڕەشە دەکات و دەڵێت " ئەگەر سوریا پێویستی بە پاڵپشتییەکی دیاریکراو هەبێت، ئێمە ئەو پاڵپشتییە دەکەین؛ بەڵام پێویستە بۆ هەموو سیناریۆیەک خۆمان ئامادە بکەین. نامانەوێت گەلی وڵاتەکەمان ئەزموونی سیناریۆی پەکەکەی عێراق و پەکەکەی سووریا چەندین جار ئەزموون بکاتەوە".

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا شەوی هەینی ٢٥ی تەمووز لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت " چاوەڕێن هەسەدە رێککەوتنەکەی ١٠ی ئادار جێبەجێ بکات، بەبێ ئەوەی خوێن بڕژێت و کێشە دروست ببێت، چاوەڕێین ئەوان (هەسەدە) هەنگاو بۆ سووریایەکی نوێ بنێن کە تێیدا ماف، ناسنامە و کولتووری کورد بپارێزرێتك سووریایەک هەمووان تێیدا هەست بە یەکسانی بکەن".

لە ئەگەری پابەند نەبوونی هەسەدەوە بە رێککەوتنەکەوە، فیدان دەڵێت" ئێمە هەمیشە دەڵێین؛ ئێستا لە سووریا حکومەتێکی نوێ هەیە و پاڵپشتی لەو حکومەتە دەکەین. چاوەڕوانیمان لەم حکومەتە ئەوەیە، کاتێک کێشەیەک دروست دەبێت، حکومەت خۆی دەستوەردان بکات. ئەگەر پێویستی بە پاڵپشتییەکی دیاریکراو هەبێت، ئێمە ئەو پاڵپشتییە دەکەین؛ بەڵام پێویستە بۆ هەموو سیناریۆیەک خۆمان ئامادە بکەین. نامانەوێت گەلی وڵاتەکەمان ئەزموونی سیناریۆی پەکەکەی عێراق و پەکەکەی سووریا چەندین جار ئەزموون بکاتەوە، نامانەوێت گەلەکەمان ئەزموونی 40 ساڵی رابردووی دووبارە بکاتەوە."


فیدان راشیگەیاند، نابێت چەک لە دەستی هیچ هێزێکی دەرەوەی دەوڵەتی سووریا بێت؛ باسی لەوەش کرد، "کاتێک هەمووان لە گۆشەیەکدا چەک بە دەستەوە دەگرن و وەک شوێنی خۆیان رایدەگەیێنن، ئەوە دەبێتە هۆی دابەشبوون. هەر بە دابەشبوون ناوەستێت، لەبەر ئەوەی لایەنەکان لەگەڵ یەکدی شەڕ دەکەن، هەر یەکەیان بۆ بەزاندنی ئەوەی دیکە، داوا دەکات هێزی دیکە بچنە نێو گۆڕەپانەکە؛ هەر خۆی هێزەکانی دەرەوە چاوەڕێی شتێکی وەهان."



وەزیری دەرەوەی تورکیا هەر لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "با هیچ گرووپێک دەست نەداتە جموجووڵی دابەشکاری. هەموو شتێک دەکرێ گفتوگۆ بکرێ و لەگەڵ هەموو گرووپ و لایەنێکیشدا گفتوگۆ دەکرێت؛ بەڵام ئەگەر لەوە زیاتر بڕۆن و بە بەکارهێنانی تووندوتیژی هەنگاو بۆ دابەشکردن و ناسەقامگیرکردن بنێن، ئەوا ئێمە ئەمە وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆمان لێک دەدەینەوە و دەستوەردان دەکەین."

لە بارەی ئەو گرووپانەی ئەو مەبەستیەتی فیدان وتی، "ئێمە هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانەمان بە نەفرەت کردن کە لەنێوان دەشتەکی و دروزەکان روویاندا. پێویستە بەرپرسیاران سزابدرێن. بەڵام هەندێک گرووپی دیکە لە باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای وڵات (سووریا)، ئەمەیان بە هەل زانی و هەندێک ئاماژەی جموجووڵیمان لێ بینین، لەڕێگەی هەندێک راگەیێندراو و لێدوانەوە. ئێمە وەک تورکیا دەبوو ئەم هۆشدارییە بدەین، چونکە ئێمە یەکێتی و یەکگرتوویی وڵاتەکەمان (سووریا) دەوێت."




AM:12:04:26/07/2025