بن غەفیر: زیادکردنی هاوکارییەکان بۆ غەززە خۆبەدەستەوەدانە بە حەماس

ئیتامار بن غەفیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە، لەسەر ڕاگەیاندنی سوپا سەبارەت بە کردنەوەی ڕێڕەوی ئارام لە غەززە و ڕێگەدان بە فڕێدانی هاوکارییەکان لە ئاسمانەوە، لێدوانی دا.

بن غەفیر وتی" زیادکردنی بڕی ئەو هاوکارییە مرۆییانەی کە دەچنە ناو غەززەوە، خۆبەدەستەوەدانە بە حەماس".

هەروەها وتیشی" زیادکردنی هاوکارییەکان بۆ غەززە، ئازادکردنی ڕفێندراوەکان دوادەخات و بەتایبەتیش سەرکەوتنی تەواوەتی لە جەنگدا دوادەخات ".

بن غەفیر درێژەی بە قسەکانی دا ودەڵێت" تەنها ڕێگە بۆ بردنەوەی جەنگ و گەڕاندنەوەی بارمتەکان، ڕاگرتنی تەواوەتی هاوکارییە مرۆییەکان و داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە و هاندانی کۆچی ئارەزوومەندانەیە".

پێشتر وتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل ڕۆژی شەممە دەستی بە فڕێدانی هاوکارییەکان کردووەتەوە لە ئاسمانەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی زیاتر لە ١٠٠ ئاژانسی فریاگوزاری هۆشدارییان دابوو لە بڵاوبوونەوەی برسێتی بەکۆمەڵ لە سەرانسەری کەرتەکەدا.

سوپا لە بەیاننامەیەکی جیادا ڕایگەیاند: "بڕیاردراوە بە دیاریکردنی ڕێڕەوی مرۆیی کە تیایدا ڕێگە بە کاروانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەدرێت بە سەلامەتی بجوڵێن بە مەبەستی گەیاندنی خۆراک و دەرمان" بە دانیشتووانی غەززە.

جەختی لەوەش کردەوە کە خۆی ئامادە دەکات "بۆ ماوەیەک لە ڕاگرتنی کاتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ مەبەستی مرۆیی لەو ناوچانەی کە دانیشتووانێکی زۆریان تێدایە".

سەرچاوە فەڵەستینییەکانیش دەستپێکردنی فڕێدانەخوارەوەی هاوکارییەکانیان لەباکووری غەززە پشتڕاستکردەوە.

ئیسرائیل ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەتەوە لەلایەن ئاژانسەکانی فریاگوزارییەوە، کە تۆمەتباری دەکەن بە سنووردارکردنی گەیاندنی هاوکارییەکان.

لای خۆیەوە تێدرۆس ئەدهانۆم غیبرێسوس، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، قەیرانەکەی بە "برسێتی بەکۆمەڵی دەستکرد” وەسف کرد.

ئیسرائیل کە لە سەرەتای مانگی ئادارەوە چوونەژوورەوەی هاوکارییەکانی بۆ کەرتەکە ڕاگرتبوو و لە مانگی ئایاردا بەپێی سنووردارکردنی نوێ ڕێگەی پێدایەوە، دەڵێت کە پابەندە بە ڕێگەدان بە چوونەژوورەوەی هاوکارییەکان بەڵام پێویستە کۆنترۆڵی بکات بۆ ئەوەی نەگاتە دەستی چەکدارەکان.

بەپێی وتەی ئیسرائیل، لە ماوەی جەنگدا ڕێگەی بە چوونەژوورەوەی بڕی پێویست لە خۆراک داوە بۆ غەززە، و بزووتنەوەی حەماسی بە بەرپرسیار زانیوە لە ئازار و برسێتی ٢.٢ ملیۆن کەس لەناو کەرتەکەدا.

ئیسرائیل هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکانیشی تۆمەتبار کردووە بەوەی لە کاتی گونجاودا هەنگاوی نەناوە و ڕایگەیاندووە کە ٧٠٠ بارهەڵگری پڕ لە هاوکاری لەناو غەززەدا وەستاون.

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەکەدا جەختی کردووەتەوە "کە هیچ برسێتییەک لە غەززەدا نییە” و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە هەڵمەتێکی درۆزنانەیە کە حەماس بانگەشەی بۆ دەکات.

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشدا کە "بەرپرسیارێتی دابەشکردنی خۆراک بەسەر دانیشتووانی کەرتەکەدا دەکەوێتە ئەستۆی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی فریاگوزاری، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاریگەریی دابەشکردنی هاوکارییەکان باشتر بکەن و دڵنیابن لەوەی ناگاتە دەستی حەماس”.

پێشتر وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاندبوو کە زیاتر لە ١٢٥ کەس بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە، کە ٨٥ یان منداڵن.



AM:09:13:27/07/2025