وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت" لە ڕابردوودا ڕژێمی ئایەتوڵڵامان سەرسام کرد، پلانیشمان هەیە لە داهاتوودا سەرسامیان بکەین".
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی تەمموز لە ڕێوڕەسمێکدا کە بە بۆنەی وێرانکردنی باڵەخانە زیانلێکەوتووەکانی هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی لە شاری هۆلۆن بەڕێوەچوو، ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە شێوەیەکی هەڕەشەئامێز سەبارەت بە درێژەی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی قسەی کرد و ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییەی بە "گەورەترین ئۆپەراسیۆن لە مێژووی ئیسرائیل” وەسف کرد.
دەشڵێت: "ئێمە دەمانزانی ئەم شەڕە بۆ دانیشتوانی ئیسرائیل قورس دەبێت و ئێمە بۆ ئەم زیانە ئامادە بووین، بەڵام وێنەی وێرانبوونی باڵەخانەکان و ئاوارەبوونی خێزانەکان تا ئێستاش سەخت و ئاڵۆزن".
وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیدا وتی" لە ڕابردوودا ڕژێمی ئێرانمان شۆک کرد، پلانیشمان هەیە لە داهاتوودا شۆکیان بکەین".
بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، لە هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی لە مانگی ڕابردوودا بۆ سەر ناوچەی هۆلۆن زیاتر لە ٢٠ کەس بریندار بوون و باس لەوە دەکرێت باری تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە.