وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، جارێکی دیکە هێرشمان کردەسەر ناوەندێکی بەرهەمهێنانی مووشەکی حزبوڵا لە لوبنان، دەشڵێت: هێرشەکانمان بەردەوام دەبن و ڕێگەیان پێ نادەین خۆیان بەڕێکخستن بکەنەوە.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیكس، زانیاری لەبارەی هێرشکردنە سەر حزبوڵای لوبنانی بڵاوکردەوە.
کاتز بەبێ ئەوەی شوێنەکە دەستنیشان بکات دەڵێت" سوپای ئیسرائیل هێرشێکی گەورەتر و وردتری کردە سەر ناوەندێکی بەرهەمهێنانی مووشەکی حزبوڵای لوبنانی، ئەو ناوەندە پێشتر بۆردوومان کرابوو".
ئاماژەی بەوەشداوە، حزبوڵا هەر هەوڵێک بدات بۆ خۆڕێکخستن کردن و خۆبونیادنانەوە و دروستکردنی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسرائیل ئەوا بە توندترین شێوە وەڵامیان دەدەینەوە، سیاسەتی سزادانی قورسی حزبوڵا بەردەوام دەبێت.
لە کۆتاییشدا دەڵێت: حکومەتی لوبنان بەرپرسیارێتی پێشگرتن لە پێشێلکارییەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەستی لە ئەستۆدایە و ڕێگە نادەین حزبوڵا هەڕەشە لە دانیشتوانی باکوور و هەموو هاوڵاتییانی ئیسرائیل بکات.