نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان کۆبووەوە و دەڵێت "حەماس ڕەزامەندی نیشان داوە چەک لە غەززە دابنێت و دەمانەوێت بە ڕێککەوتنێک، هەموو بارمتەکان بگەڕێنینەوە و کۆتایی بە شەڕەکە بهێنین."
ئەمڕۆ شەممە، ٢ی ئابی ٢٠٢٥، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا؛ لە تەلئەڤیڤی پایتەخت، لەگەڵ کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکانی ژێر دەستی حەماس، کۆبووەوە و باسیان لە گەڕاندنەوەی بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە کرد.
میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە داوە، ستیڤ ویتکۆڤ بەڵێنی داوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل، هەموو هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان دەدەن و ڕاشیگەیاندووە "هیچ سەرکەوتنێک لە شەڕی ئیسرائیل لە دژی حەماس بەدی نایەت، ئەگەر هەموو بارمتەکان نەگەڕێنرێنەوە نێو کەسوکارەکانیان."
لەبارەی ڕێککەوتنی ئاگربەستیش لەگەڵ حەماس، بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا گوتوویەتی "دەمانەوێت لە چوارچێوەی یەک ڕێککەوتندا، هەموو بارمتەکان بگەڕێنینەوە و کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنین، نەک بە ڕێککەوتنێکی کاتی، بەشێکی بارمتەکان بگەڕێنینەوە و دواتر شەڕەکە دەست پێ بکاتەوە."
هەمان سەرچاوە باسیان لەوەش کردووە، ویتکۆڤ بە کەسوکاری بارمتەکانی ڕاگەیاندووە "حەماس تاوەکوو ئێستا ڕێگر بووە لە بەردەم ڕێککەوتنی گەڕاندنەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان." باسی لەوەش کردووە "حەماس ڕەزامەندیی خۆی نیشانداوە چەک لە غەززە دابنێت" بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر باس بکات.
لەبارەی دۆخی مرۆیی لە غەززە، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا گوتوویەتی "ڕاستە دۆخی مرۆیی لە غەززە لە ئاستێکی خراپدایە، بەڵام نەگەیشتووەتە قۆناغی بەدخۆراکی. پلانمان هەیە هاوکارییە مرۆییەکانمان بۆ کەرتەکە زیاد بکەین و دۆخەکە باشتر بکەین."