لە پارێزگای سوەیدای سووریا، شەڕ لەنێوان گرووپە چەکدارەکان و ئاسایشی گشتی هەڵگیرسایەوە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و ٧ی دیکە بریندار بوون.
یەکشەممە، ٣ی ئاب، رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند"ئەمڕۆ لە پارێزگای سوەیدا شەڕ لەنێوان گرووپە چەکدارەکان و ئاسایشی گشتی هەڵگیرسایەوە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و حەوتی دیکە برینداربوون، کە یەکێک لە کوژراوان کارمەندی ئاسایشی گشتییە".
شەڕەکە لە تەل حەدید لە گوندەوارەکانی رۆژئاوای سوەیدا روویداوە. تەل حەدید ناوچەیەکی بەرزە لە گوندەوارەکانی رۆژئاوای سوەیدا و دەڕوانێتە سەر شارۆچکەی سەعلە و دەوروبەری، هەروەها دەڕوانێتە سەر رێگە سەرەکییەکانی نێوان شاری سوەیدا و دەوروبەری رۆژئاوای، ئەمەش وایکردووە ببێتە خاڵێکی سەرەکی بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی دەوروبەری.
دوای ئەوەی ناوچەکە بە گوللـەهاوەن و چەکی قورس لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەت بۆردوومان کرا، دەنگی تەقینەوە و تەقەکردن لە ناوچە جیاجیاکانی شاری سوەیدا بیسترا.
بەپێی ئاماری روانگەی سووری، ژمارەی کوژراوان لە بەیانیی رۆژی ١٣ی تەمووزەوە، بەهۆی پێکدادانەکان و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە، گەیشتووەتە ١٤٩٢ کوژراو.