پەرلەمانی ئێران دوو بڕیار لەبارەی تمەن دەردەکات

پەرلەمانی ئێران لە هەنگاوێکی گرنگدا بۆ "دووبارە پێناسەکردنەوەی دراوی نیشتمانی"، پڕۆژەیاسای لابردنی چوار سفری لەسەر دراوی وڵاتەکەی پەسەند کرد. سەرەڕای ئەمە، پێشنیازی گۆڕینی ناوی دراوەکە لە ڕیاڵەوە بۆ تمەن ڕەتکرایەوە و ناوی "ڕیاڵ" وەک دراوی فەرمی دەمێنێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئاب  لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاسای لابردنی چوار سفری لەسەر دراوی نیشتمانیی وڵاتەکەی پەسەند کرد، بەڵام داوای حکومەتی بۆ گۆڕینی ناوی دراوەکە لە "ڕیاڵ"ـەوە بۆ "تومەن" ڕەتکردەوە.

لای خۆیەوە شەمسەدین حوسێنی، سەرۆکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران، لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیدا وردەکارییەکانی بڕیارەکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی لیژنەکەدا، پڕۆژەیاسای حکومەت لەبارەی لابردنی چوار سفر و گۆڕینی ناوی دراوەکە تاوتوێ کرا. لە ئەنجامدا لابردنی چوار سفرەکە پەسەند کرا، بەڵام گۆڕینی ناوەکە ڕەتکرایەوە."

بەپێی بڕیارە نوێیەکە، ناوی دراوی ئێران هەر "ڕیاڵ" دەبێت، بەڵام بەهایەکی نوێی دەبێت. هەر "ڕیاڵێکی نوێ" یەکسان دەبێت بە ١٠ هەزار ڕیاڵی ئێستا. هاوکات، یەکەیەکی وردتریش بۆ دراوەکە دیاری کراوە بە ناوی "قران"، کە هەر ڕیاڵێکی نوێ دەکاتە ١٠٠ قران.




PM:04:49:04/08/2025