دووەم کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی ئاشتی " کۆمسیۆنی دیموکراسی ، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی " ئەنجامدرا، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە سەرۆکی لیژنەکەش دەکات رایگەیاند کە " تا ١٠ ساڵ زانیارییە نهێنیەکانی کۆمسیۆنەکە نابێت ئاشکرا بکرێت".
لە كۆبوونەوەی رۆژی هەینی ٨ ی ئاب، كۆمسیۆنەكە گوێی لە هەریەكە لە; ئیبراهیم کالن سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی "میت"و عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆ و یاشار گولەر, وەزیری بەرگریی گرت و زانیاری نهێنی پرۆسەی گفتگۆوگۆ چەکدانیان باس کردو، ئەندامانیش پرسیاریان لێکردن.
لە کۆبوونەوەکەدا نوعمان کورتمولموش سەرۆكی پەرلەمان لە میانەی قسەکانیدا وتی " بە باشی سود لەم دەرفەتە مێژووییە وەربگرن، پێویستە بە وریاییەکی زۆرەوە هەنگاوەکان بنێن، وتویەتی" کۆمیسیۆنەکە نوێنەرایەتی ٩٨%ی کۆمەڵگە دەکات. پێویستە بە گوێرەی خواست و چاوەڕوانییەکانی گەل پرۆسەکە بەڕێوەببەین."
هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە روحی هاوپەیمانێتی گرنگە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لێرە بە دانوستان دەدرێن.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە لیژنەکە پرۆژەیە، بۆ هەموارکردنەوەی یاسایی دادەرێژێت و رەوانەی لیژنەی گشتی پەرلەمان دەکرێت.
هەر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، کورتولموش بۆئەوەی کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆنەکە بە داخراوی ئەنجام بدرێت، داواکارییەکی خستە دەنگدانەوەو بە کۆی دەنگ داواکارییەکە قبوڵ کرا.
نوعمان کورتمولموش سەرۆكی پەرلەمان بڕیاریدا " گفتوگۆو قسەکانی کۆبوونەوەکە تۆمار دەکرێن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بڵاوناکرێنەوە. هەموو ئەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکاندا قسەیان لەسەر دەکرێت نابێت بە هیچ شێوەیەک بچێتە دەرەوە" .
لە دوای ١١ی تەموزەوە کە ٣٠ گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە چەکەکانیان سووتان، ئێستا چاوەکان لەسەر ئەنقەرەو ئەو لیژنە پەرلەمانییە کە تا چەند زەمینەی کرداری و یاسایی بۆ ئاشتی خۆشدەکات.