ڕاوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، هەڵوێستی توندی وڵاتەکەی بەرامبەر بە چەندین دۆسیەی هەستیاری ناوچەکە ڕاگەیاند و جەختی لەسەر دژایەتیکردنی هەر گۆڕانکارییەکی جیۆسیاسی و پیلانی چەکدانانی هێزە هاوپەیمانەکانیان کردەوە.
سەبارەت بە پرسی چەکدانانی حزبوڵای لوبنان، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕایگەیاند'' ئەوە یەکەمجار نییە کە پێشنیازی چەکدانانی حزبوڵا دەکرێت. هەروەک چۆن لە ڕابردوودا شکستی هێناوە، ئێستاش ئەو جۆرە بیرۆکە و قسانە شکست دەهێنن. موقاوەمە لە ڕابردوودا کە توانای لە ئێستا کەمتر بوو، شکستی بەو پیلانانە هێنا، ئەمڕۆ کە پاڵپشتییەکی میللی و هێز و توانایەکی گەورەی لەبەردەستدایە، بە پشتیوانیی خوا ڕێگە نادات ئەو پرۆژانە سەربگرن.''
ویلایەتی ئاماژەی بەوەشکرد کە لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامداوە و ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە دوای لوبنان، ئەمریکا و ئیسرائیل حەشدی شەعبی دەکەنە ئامانج. لەمبارەیەوە وتی'' ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی عێراق و ئێران بە هەموو شێوەیەک دژی چەکدانانی حزبوڵای لوبنان و حەشدی شەعبی لە عێراق بوەستنەوە و ڕووبەڕووی ئەو پیلانە ببینەوە.''