مەسعود پزیشکیان: کەم ئاوی بە تانکەر چارەسەر ناکرێت

سەرۆك كۆماری ئێران ئاشكرای دەكات، ئەمڕۆ لەڕووی سەرچاوە ئاوییەكانەوە لە قەیرانێكی جدیداین و دەشڵێت: كەمئاوی بە تانكەر چارەسەر ناكرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی ئاب مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند" لەسەردانە كتوپڕەكانمدا بۆ وەزارەت و ناوەندە حكومییەكان، ڕاگەیاندن لەگەڵ خۆم نابەم، خۆم ئەمڕۆم، من بەدوای خۆدەرخستنەوە نیم".

ڕاشیگەیاند" ئێستا ئەیانەوێت بەبەهای ٤ ملیار دۆلار بەنزین هاوردە بكەن، ئەمە بۆچی؟ بۆ ئەوەی بیدەن بە چەند كەسیك و بیدەن ١٥٠٠ تمەن و ئێمە نەتوانین قەرەبووی بژێوی خەڵك بكەینەوە؟

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرباری ئەوەی پارەمان نییە، بەڵام زیاتر لە ٨ هەزار خوێندنگە دروست دەكرێن و دۆخی پەروەردە دەگۆڕین.

جەختیشی كردەوە، بەهۆی فراوانكردن بەبێ بیركردنەوەوە، نە لەژێر پێمان نە لەپشت بەنداوەكانەوە ئاومان نەماوە، بە دروشمبازی و رەخنەگرتن و گەورەكردنی چاوەڕوانییەكان كێشەكە چارەسەر نابێت، ئەمڕۆ ڕوبەڕووی كەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین بەڕێژەی ٤٠% بووین.

وتیشی، "بابەتی كەمئاویی لە تاران، كەرەج و قەزوین بە هێنانی تانكەر چارەسەر نابێت، ئەمڕۆ لەڕووی سەرچاوە ئاوییەكانەوە لە قەیرانێكی جدیداین”.




PM:06:08:10/08/2025