فەرماندەیەکی باڵای حەماس کوژرا

سوپای ئیسڕائیل لە ئۆپەڕاسیۆنێكدا كوشتنی فەرماندەیەكی باڵای سەربازی بزووتنەوەی حەماسی لە كەرتی غەزە راگەیاند.

ئەمڕۆ هەینی ١٥ی ئابی ٢٠٢٥ وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل رایگەیاند" ئەمڕۆ هەینی سوپا و دەزگای هەواڵگری (شاباك) بە هاوبەشی ئۆپەڕاسۆنێكیان لە ناوچەی خان یوونس لە باشووری كەرتی غەزە ئەنجام دا".

راشیگەیاند" لە ئۆپەراسیۆنەكەدا توانرا ناسڕ مووسا سەرۆكی فەرمانگەی بەشی كۆنتڕۆلی سەربازی سەر بە بزووتنەوەی حەماس لەناو ببرێت".

ئاشکراشی کردووە، ناسڕ مووسا لە ماوەی رابردوودا مەشقی سەربازیی تایبەتی بە سەدان ئەندامی بزووتنەوەی حەماس كردووە كە لەم ماوەیەی شەڕدا دەیان هێرشیان كردۆتە سەر سوپا و هاووڵاتییانی مەدەنی ئیسڕائیلی.

ناسڕ مووسا یەكێك بووە لە كەسە نزیكەكانی محەمەد شیبانە فەرماندەی كەتیبەی رەفحی بزووتنەوەی حەماس كە مانگی ئایاری رابردوو لە ئۆپەراسیۆنێكی سوپای ئیسڕائیل لە غەزە كوژرا.



PM:02:41:15/08/2025