وەزیری دەرەوەی سوریا لەگەڵ شاندێکی ئیسرائیلی تاوتوێی بەهێزکردنی دۆخی سەقامگیری و ئاسایشی نێوانیان دەکات.
ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، چاوی بە شاندێکی ئیسرائیلی کەوت بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چەندین دۆسیەی پەیوەست بە " بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە و باشووری سوریا".
ئاژانسی "سانا"ی سوری ڕایگەیاند" گفتوگۆکان چڕبوونەتەوە لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی سوریا، و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە پشتگیری لە سەقامگیریی ناوچەکە بکات، هەروەها چاودێریکردنی ئاگربەست لە پارێزگای سوەیدا و کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٧٤".
بەگوێرەی زانیاریی ئاژانسە کە، ئەم گفتوگۆیانە " بەنێوەندگیریی ئەمریکا و لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا بەڕێوەدەچن کە ئامانج لێی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە لەسوریا".
لەلای خۆیەوە، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا، ڕایگەیاند" کۆبوونەوەیەکی گەرم و پڕ زانیاری لەگەڵ شێخ موەفەق تریف، سەرکردەی ڕۆحیی درووزییەکانی ئیسرائیل و شاندەکەیدا ئەنجامداوە".
باراک، جەختی لەوە کردەوە کە " دۆخی سوەیدا و چۆنیەتی کۆکردنەوەی بەرژەوەندییەکانی هەموو لایەنەکان، هێورکردنەوەی گرژییەکان و بنیاتنانی لێکتێگەیشتنیان" تاوتوێ کردووە.
پێشتر، ئەسعەد شەیبانی لە ١٢ی ئەم مانگەدا لە عەممانی پایتەختی ئوردن، چاوی بە هەریەک لە ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سوریا کەوتبوو، لەو کۆبوونەوەیەدا " گفتوگۆکرا لەبارەی ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگی لەنێوان سێ لایەنەکە، بەشێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیریی سوریا و سەروەری و ئاسایش بکات، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی گرووپێکی کاری هاوبەشی سوری – ئوردنی- ئەمریکی بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی سوریا بۆ بەهێزکردنی ئاگربەست لە پارێزگای سوەیدا و کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر بۆ قەیرانەکە".