محەمەد سەدر، ئەندامی کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکان لە ئێران، ئیسرائیلی بە تێوەگلان لە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی ئێران تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند؛ ئەمە " پەیامێکی کرداریی بوو" لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ حکومەتی ئێران.
سەدر لە چاوپێکەوتنێکدا لە ڕێگەی بەرنامەی ئەلیکترۆنی " سینێرجی" ڕوونیکردەوە کە " لەرێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حزبوڵا و لوبنان، دەیزانی کە ئیسرائیل و حزبوڵا لە ڕێگەی کردەوەی مەیدانییەوە پەیام دەنێرن، و ئاماژەی بەوەدا کە تیرۆرکردنی ڕەئیسی لە چوارچێوەی ئەم پەیامانەدا بووە".
هەروەها ڕایگەیاند" تێوەگلانی ئیسرائیل لە ڕووداوەکەدا هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و تاکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی فەرمی یان دۆکیومێنتێک نییە کە ئەمە پشتڕاست بکاتەوە..
لەوەڵامی ڕاپۆرتە فەرمییەکەدا کە هەر پەیوەندییەکی ئیسرائیلی بە کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەوە ڕەتکردەوە، سەدر جەختی لەوە کردەوە کە " ئەو بە ئازادی ڕای خۆی دەربڕیوە و ئیسرائیل پەیامێکی ڕوونی لە شوێنی ڕووداوەکەدا ناردووە کە ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە ‘ئەگەر ئێوە دەتانەوێت بەردەوام بن، ئێمەش بەردەوام دەبین".
محەمەد سەدر، کە پێشتر پۆستی جێگری وەزیری دەرەوەی بۆ کاروباری عەرەبی و ئەفریقی و ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوەی لەگەڵ محەمەد جەواد زەریفی هەبووە، برازای ئیمام موسا سەدر و زاوای یاسر خومەینییە، و لە ساڵی ٢٠١٧ەوە ئەندامی کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە.
ڕووداوی گیان لەدەستدانی رەئیسی، لە ١٩ی ئایاری ٢٠٢٤ لە نزیک گوندی (ئۆزی) لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات ڕوویدا، کاتێک هێلیکۆپتەرێکی جۆری Bell 212، کە ڕەئیسی و وەزیری دەرەوە حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای هەڵگرتبوو، تێکشکا.
دەستەی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێشتر، لە چەندین بەیاننامەدا ڕوونیکردەوە کە ڕووداوەکە بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوای ئاڵۆزەوە بووە و ئاماژەیان بەوەدا کە "هیچ شوێنەوارێکی تەقەکردن یان تەقینەوە لەسەر جەستەی هێلیکۆپتەرەکە نییە".
هەروەها ڕایانگەیاند؛ هێلیکۆپتەرەکە " بەهۆی شێی هەوا و چڕی تەمومژەوە" خۆی کێشاوە بە شاخێکدا و دوای ڕووداوەکە ئاگری گرتووە، نەک لە ئەنجامی کردەوەیەکی سەربازی یان تێکدەرانە.