ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا میکانیزمی دووبارە سەپاندنی سزا نێودەوڵەتییەکانیان بەسەر ئێراندا کاراکردەوە و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، وەڵامی گونجاویان دەبێت.
بەگوێرەی راگەیەنراوی هاوبەشی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا، بڕیاری میکانیزمی دووبارە سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکانیان بۆ ماوەی ٣٠رۆژە و لەسەر بنەمای پابەندنەبوونی ئێرانە بە داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم و رێگەدان بە پشکنینی وێستگە ئەتۆمییەکان .
لەو بارەیەوە یۆهان ڤادێفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەم کاتە بۆ گێڕانەوەی سزاکانی سەر ئێران بۆئەوەیە پێش وادەی نوێکردنەوەی رێککەوتنەکە کە نیوەی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتووە سزاکانیا کارابکەنەوە و هیوادارن ئێران لەو ماوەیەدا رازییان بکات بۆ راگرتنی هەڵوێستەکەیان.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، جەختیشیکردەوە، سەپاندنی سزاکان بەسەر ئێراندا کۆتایی هەوڵە دیپلۆماسییەکان نییە، بەڵکو دەکرێت سەرەتای قۆناغێکی نوێی دانوستان بێت.
لای خۆشییەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە وەزیرانی دەرەوەی ئەو سێ وڵاتەی راگەیاند، هەنگاوەکەیان نایاسایی و بێ بەهانەیە کاریگەری لەسەر ئاستی هەماهەنگییان دەبێت لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و و وەڵامی گونجاویشی دەدەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە،چەند سەرچاوەیەک رایانگەیاند، لەسەر داوای فەرەنسا و بەریتانیا، رۆژی هەینی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رۆژی هەینی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بۆ قسەکردن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران رێکدەخات.