قالیباف: ئەگەری هەڵگیرساندنی جەنگ هەیە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری توند دەدات لە هەنگاوەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا و دەڵێت" ئێران ڕووبەڕووی ئەمریکا، ئیسرائیل، ناتۆ و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە دەبێتەوە".

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە وتارێکدا لە تاران ڕایگەیاند" ئەگەری هەڵگیرساندنی جەنگ لە ئارادایە و داوای لە بەرپرسانی وڵات کرد ئامادەبن بۆ ئەو کارە لە ڕێگەی بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆیی".

قالیباف جەختی کردەوە، تێگەیشتنی سرووشت و قۆناغ و شوێن و هەلومەرجی نێودەوڵەتیی کارێکی سەرەکییە و دەبێت بۆ سیناریۆ و ئەگەرە نزیکەکان خۆمان ئامادەبکەین و بەبەهێزی بمێنینەوە.

ڕاشیگەیان" لە ئێستادا ئێران ڕووبەڕووی ئەمریکا، ئیسرائیل، ناتۆ و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە دەبێتەوە".

قالیباف ئەوەشی خستەڕوو،" ترەمپ لە ویلایەتی یەکەمیدا سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ناوچەکەی لە دژی ئێمە یەکخست، لە ئێستادا هەموو ئەم توانایانە ڕیز بوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی مووشەکەکانمان".

هاوکات دەربارەی ئیسرائیل و مەترسییەکانی، قالیباف، رایگەیان" ڕژێمی ئیسرائیل هیچ کاتێک وەک ئێستا لەژێر قەبارەی ئەم گوشارەدا نەبووە".



PM:04:36:29/08/2025