کۆشکی سپی: ناوی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەگۆڕێت بۆ وەزارەتی جەنگ

سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێكی جێبەجێکردن واژۆ دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ناوی مێژوویی وەزارەتی جەنگ، وەک ناوی دووەم بۆ وەزارەتی بەرگری ئامانج لە بڕیارەکەش سەپاندنی ئاشتییە لەڕێی هێزەوە.

هەینی ٥ی ئاب وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بڵاویکردەوە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵات  فەرمانێكی جێبەجێکاری واژۆ دەکات بە گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری بۆ وەزارەتی جەنگ، ئەوەش لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بەڵێنێک كە بەم دواییە داویەتی.

کۆشکی سپی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەم ناوە زیادەیە جێگەی ناوە بنەڕەتیەكە دەگرێتەوە کاتێک رێکارە پێویستەکان بەتایبەتی لە کۆنگرێس تەواو دەبن.

کۆشکی سپی لەبارەی خواستی ترەمپ بۆ گۆڕینی ناوەکە دەڵێت" دۆناڵد ترەمپ پێی وایە ئەم وەزارەتە دەبێت ناوێکی هەبێت کە رەنگدانەوەی هێزو توانای بێهاوتای خۆی بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، جەختیشكردووە، ئەمریکا خاوەنی گەورەترین هێزی سەربازییە لە جیهاندا".

کۆشکی سپی راشیگەیاندووە کە  ئامانج لە گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری بۆ وەزارەتی جەنگ چەسپاندنی ئاشتیە لەڕێگەی هێزەوەو و زامنكردنی ئەوەیە کە جیهان جارێکی دیکە رێز لە ئەمریکا دەگرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە دواجار لە ساڵی ١٩٤٧ ناوی وەزارەتی جەنگ لە حکومەتی ئەمریکا بەکارهاتووە و لەو کاتەوە وەزارەتی بەرگری بەکاردەهێندرێت.




AM:10:14:05/09/2025