هەینی ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٥، دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنان لە كۆشكی (بەعەبدا) دەستیپێكردوە، دانیشتنەكە هەستیارە چونكە تاوتوێی ئەوە دەكرێت لە لوبنان چەك تەنیا بەدەست دەوڵەتەوە بێت.
رۆدۆڵف هەیكەل، فەرماندەی سوپای لوبنان بەشدارە لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا، بڕیارە پلانی خۆی سەبارەت بە پرۆسەی چەكداماڵینی حیزبوڵا و هێشتنەوەی چەك بەتەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بخاتەڕوو، بۆ ئەمەش میكانیزمەكانی ئەم كارە تاوتوێ دەكرێت.
بەهۆی ئەم پرسەوە، ٤ وەزیری شیعەكان و وەزێرێكی تر بە ناوی فادی مەكی لە دانیشتنی حكومەت كشانەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی ٧ی ئاب ئەنجومەنی وەزیرانی لوبنان رەزامەندی نیشاندا لەسەر ئامانجەكانی كارنامەی ئەمریكا سەبارەت بە رێككەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، یەكێك لە بڕگەكانی ئەم كارنامەیە كۆتایهێنان بە چەكی دەرەوەی دەوڵەت لە لوبنان، كە بەدیاریكراویش مەبەست لە چەكی حیزبوڵایە.