عێراقچی: دوای شەڕ مەرجەکانمان بۆ دانوستان گۆڕاوە

وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە و لەگەڵ سێ وڵاتی ئەوروپی بەردەوامە. جەختیشی لەوە کردەوە کە دوای شەڕی ئەم دواییە، مەرجەکانی دانوستان گۆڕاون و ڕەهەندی نوێ بۆ مەلەفی ئەتۆمی زیاد کراوە.

بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ لە ئێران، عەباس عێراقچی رایگەیاند"  دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە بەردەوامە و ئەو ڕۆژەی ئامادەبن بۆ دانوستان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر، ئێرانیش ئامادەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆسەی دانوستانەکان بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان بەر لە شەڕ چووبووە قۆناغی شەشەمی خۆیەوە، بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ و " بەرگری قارەمانانەی نەتەوەی ئێران"، مەرجەکان گۆڕا.

 بە وتەی ناوبراو،" وەک ئەوە نییە سەرەڕای شەهیدان لەگەڵ مەرجەکانی پێشوودا بگەڕێینەوە سەر مێزی دانوستان، بە دڵنیاییەوە شێوە و ڕەهەندێکی نوێی هەیە، پێکهاتەی نوێش هاتۆتە ناوەوە کە دەبێت پلانی بۆ دابنێین".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عێراقچی ئاماژەی بە پەیوەندی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کرد و وتی"دامەزراوەکانمان هێرشیان کراوەتە سەر و بە شێوەیەکی سروشتی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەزگاکەدا ناتوانرێت وەک جاران بێت، هەر ئەمڕۆ هاوکارەکانم لە ڤیەننا دانوستانێکی باشیان هەبوو و نزیکین لە گەیشتن بە چوارچێوەیەکی نوێ لەگەڵ دەزگاکە".




AM:11:27:07/09/2025