لە شەش ناوچەی ئیستانبوڵ خۆپیشاندان قەدەغە دەکرێت

بە هۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی پارتی گەلی کۆماریی، ئەنجامدانی هەموو جۆرە خۆپیشاندانێک لە شەش ناوچەی شاری ئیستانبوڵی تورکیا قەدەغە کرا.

پارێزگاری ئیستانبوڵ بڕیاری دا تا ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو هەموو جۆرە خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەک لە ناوچەکانی بێشیکتاش، بەیئۆغڵو، ئەییوبسوڵتان، کاغتهانە، سارییەر و شیشلی قەدەغە بکرێت.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە بڕیار بوو ئەمڕۆ گورسەل تەکین، وەک بەرپرسی لقی پارتی گەلی کۆماری لە ئیستانبوڵ دەستبەکار بێت.

تەکین لەلایەن دادگای تورکیاوە بۆ بەڕێوەبردنی پۆستەکە دەستنیشان کراوە، پاش ئەوەی بڕیاری دا دادگا ئەنجامەکانی کۆنگرەی پارتی گەلی کۆماری لە ئیستانبوڵ هەڵوەشاندەوە کە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو و تێیدا ئوزگور چەلیک وەک سەرۆکی لقی جەهەپە لە ئیستانبوڵ هەڵبژێردرا.

ڕۆژی ٢ی ئەم مانگە دادگای تورکیا سکاڵایەکی لەسەر کۆنگرەکە یەکلاکردەوە و ڕایگەیاند بە هۆی ئەنجامدانی سەرپێچی لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و بەرتیلدانەوە، ئەندامی کۆنگرەکە هەڵوەشێندراوەتەوە.

ئەو سەرکردایەتییەی کە لە کۆنگرەکەدا هەڵبژێردرابوون بڕیارەکەی دادگایان ڕەتکردەوە و داوایان لە لایەنگرانیان کرد خۆپیشاندان بکەن.

لای خۆشیەوە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیادن، کەس لە سەروو یاساوە نییە و ڕێ نادەن شەقامەکانی ئیستانبوڵ بکرێنە گۆڕەپانی ململانێ.



AM:09:36:08/09/2025