ئیسرائیل بەرپرسیارییەتی هێرشەکەی بۆسەر قەتەر لەئەستۆی گرت و
دەڵێت" بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا ئەنجامان داوە".
نووسینگەی بنیامین
ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کەناڵی ئێکس نووسیویەتی،
وڵاتەکەی بەرپرسیارێتی تەواوەتی لە هێرشەکەی سەر بارەگای حەماس لە دۆحەی پایتەختی
قەتەر قبوڵ دەکات.
لای خۆشیەوە هەروەها
کەناڵی ١٢ی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، هێرشەکە بە گڵۆپی سەوزی دۆناڵد ترەمپ،
سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی نوێنەرانی حکومەتی ئیسرائیل ئەنجامدراوە.
دوو ئەندامی بزوتنەوەی
حەماس بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند" ئەندامانی تیمی دانوستانکار بۆ ئاگربەست
لە غەززە لە هێرشەکە ڕزگاریان بووە، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل ئاشكرای دەکات کە خەلیل ئەلحەجییە نوێنەری باڵای حەماس لە غەززە
و سەرۆکی تیمی دانوستانکار لە نێو کوژراوەکاندا بووە.
قەتەر لە مێژە
ماڵی فەرماندە و ئەندامانی باڵای بزووتنەوەی حەماسە. ئەم هێرشە بۆ سەر فەرماندەکان
دوای هێرشێکی ڕۆژی دووشەممە لە قودس هات کە شەش ئیسرائیلی کوژران.
قەتەر نێوەندگیری
بۆ ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەکات و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر
خاکەکەی بووەتە هۆی ڕەخنەی توندی دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو لەنێویاندا ئیماراتی یەکگرتووی
عەرەبی. ئیمارات هێرشەکەی بە "بێشەرمانە و ترسنۆک" ناوبرد.
هەروەها سعودیە هێرشیئیسرائیلی بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی قەتەر بە
توندی ئیدانە کرد و وتی" ئەو هەنگاوە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دانوستانەکانی
ئاشتی دەبێت".