وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل، بۆسەر شاندی دانوستانکاری حەماس وەڵامی توندی دەداتەوە و دەڵێت" بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشەی ئیسرائیل دەکەین".
ماجد بن حەمەد ئەنساری، راوێژکاری سەرۆکوەزیران و وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ،ئەو هێرشە ترسنۆکانەی ئیسرائیل، کە ناوچەی نیشتەجێبوونی لە دەوحەی پایتەخت کردە ئامانج و تیایدا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس کرانە ئامانج، بەتوندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین، ئەو دەستدرێژییە تاوانکارییە، پێشێلی رەهای سەرجەم یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ ئاسایش و سەلامەتی هاوڵاتییانی قەتەری.
جەختیکردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوە، سەرجەم لایەنەکانی ئاسایش و بەرگری شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە، بەپەلە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکە بکەن و رێکارە پێویستەکان بگرنەبەر، بەمەبەستی ئارام کردنەوەی دۆخەکە و گرەنتی سەلامەتی دانیشتووانی ناوچەکە و دەوروبەری.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئاماژەی بەوەشکردووە، دەوڵەتی قەتەر هیچ سازشێک لەسەر ئەو رەفتارەی ئیسرائیل ناکات کە بووەتە هۆی تێکدانی ئاسایشی هەرێمی، هەروەها سازشیش لەسەر هیچ ئۆپراسیۆنێک ناکەن کە ئاسایش و سەروەری وڵاتەکەی بخاتە مەترسییەوە و پێشێلی بکات.
ئیسرائیل رایگەیاند" دوانیوەڕۆی سێشەممە ژمارەیەک بەرپرسی حەماسیان لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ کردووەتە ئامانج"، لە بەرامبەردا حەماسیش دەڵێت" ئەوانەی کراونەتە ئامانج شاندی دانوستکار بوون ورزگاریان بووە".