ئاژانسێکی ڕووسی ئاشکرایدەکات، ئەمەریکا بودجەی سوپای وڵاتەکەی لە ئەورووپا بە شێوەیەکی بەرچاوو کەم دەکاتەوە.
ئاژانسی 'سپۆتنیک'ـی ڕووسی بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەکانی بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، بڵاویکردەوە، پێنتاگۆن پارەی هێزەکانی سەربازیی وڵاتەکەی لە ئەورووپا بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ١٥ هێندە کەم کردوەتەوە.
ئاماژەبەوەشکراوە، پێنتاگۆن خەرجیی هێزەکانی بۆ چوارەم ساڵ لەسەریەک کەم دەکاتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ٤٩٥ ملیۆن دۆلار بووە، لە ساڵی ٢٠٢٤ کەمکراوەتەوە بۆ٢٥١ ملیۆن دۆلار، دواتر لە ساڵی ٢٠٢٥ کەمکراوەتەوە بۆ ١١٦ ملیۆن دۆلار، بۆ ساڵی ٢٠٢٦ ، دەبێتە ٣٣ ملیۆن دۆلار.
ئاژانسە ڕووسیەکە دەڵێت'' بڕیارەکە لە ئەنجامی یاداشتەکەی وەزیری بەرگری ئەمەریکادا هاتووە، کە لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە کۆنەکان و ئەولەویەتدان بە پرۆژە تەکنەلۆژییەکان کردووە.''
ئەمە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە بەردەوامی باسی لەوەکردوە کە ئامادەنییە وڵاتەکەی پارەیەکی زۆر بۆ پارێزگاری کردن لە وڵاتانی دیکە خەرجبکات.