وەزارەتی بەرگریی توركیا ئەو هەواڵ و بانگەشانەی بە بێ بنەما و ناڕاست وەسف كرد كە باس لەوە دەكەن ئیسرائیل هێزەكانی سوپای توركیای لە سووریا كردووەتە ئامانج.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، زەكی ئاكتورك، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی توركیا لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەو بانگەشانەی باس لەوە دەكەن گوایە ئیسرائیل هێزەكانی سوپای توركیای لە سووریا كردووەتە ئامانج، ڕایگەیاند: "ئەو هەواڵ و بانگەشانە بێ بنەمان و ڕاست نین”.
وتیشی: ”هیچ دۆخێكی نەرێنیی لە ئارادا نییە لەبارەی ئەو یەكە و كارمەند و كەلوپەلانەمان كە لە سووریا جێگیركراون”.
سەبارەت بە هێرشی سەر شاندی دانوستانكاری حەماس لە قەتەر لەلایەن ئیسرائیلەوە، زەكی ئاكتورك ڕایگەیاند: ”دەركەوت كە ئیسرائیل تیرۆری كردووەتە سیاسەتی دەوڵەت، نانی لە شەڕ و پێكداداندایە و دژی ئاشتییە”.
دووپاتیشی كردەوە ”بەرپرسیارییەتیمان دووپات دەكەینەوە و وەبیر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەخەینەوە تا ئیسرائیل بەڕێگای كارا ڕانەگیرێت، بە هێرشی بێباكانە وەك ئەوەی قەتەر ناوچەكە بەرەو كارەسات دەبات”.