لە ئێران ٨٠ هەزار هێزی مەشق پێکراو بۆ پابەندکردنی خەڵک بە حیجاب دەست بەکاردەبن

لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکان لەسەر حیجابی زۆرەملێ لە ئێران رۆژبەرۆژ زیاتر دەبێت، سکرتێری مەڵبەندی پارێزگای تاران بۆ (ئەمر بە چاکە و نهی لە خراپە)، ئاشکرای دەکات کە سەنتەرێکیان پێکهێناوە کە زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس لەخۆدەگرێت و رێگریی لە بێ حیجابی لە تاران دەکەن.

ڕوحوڵا مۆمن نەسەب، سکرتێری مەڵبەندی پارێزگای تاران بۆ ( ئەمر بە چاکە و نهی لە خراپە)، رایگەیاند "کە سەنتەرێک بە ناوی پاکیزەیی و حیجاب پێکدێت و ٨٠ هەزار هێزی مەشقپێکراو، دەست بەکار دەبن  بۆ ئەوەی خەڵک پابەند بکەن بە حیجابەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "بە پێکهێنانی ئەو سەنتەرە چاودێری و شیکردنەوەی کارەکانی دوژمن دەکرێت، چارەسەری کولتووری و میدیایی و یاسایی داڕێژرێت و دەگەیەنرێتە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان".

ناوبراو زیادی کرد: خالی سەرەکی ئەم سەنتەرە ڕاهێنان و ڕێکخستن و دامەزراندنی زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس و ٤٥٧٥ ڕاهێنەر و ئەفسەری دادوەرییە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگای ئێران و سەرۆک کۆماری ئێران جەخت لەوەدەکەنەوە کە نابێت حیجابی زۆرە ملێ بەسەر هیچ کەس دا بسەپێندرێت.




AM:11:09:18/10/2025