وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، گیدۆن ساعر، لە وەڵامی
بڕیارەکەی داواکاری گشتی ئیستەنبوڵ کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ٣٧ بەرپرسی
ئیسرائیل دەرکردبوو، دەڵێت " لە تورکیای ئەردۆغان دەسەڵاتی دادوەری لە مێژە
بوەتە ئامرازی بێدەنگکردن".
گیدۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە تۆڕی
کۆمەڵایتی ئێکس بڵاویکردوەتەوە "لە تورکیای ئەردۆغان دەسەڵاتی دادوەری لە
مێژە بوەتە ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی ڕکابەرە سیاسیەکان و دەستگیرکردنی
ڕۆژنامەنووسان و دادوەران و سەرۆک شارەوانییەکان، ئیسرائیل بە توندی و سوکایەتیەوە
نوێترین بڕیاریان کە لەلایەن ئەردۆغانی ستەمکارەوە دراوە ڕەتدەکەینەوە".
وەزیرە ئیسرائیلیەکە ئەوەشی وتوە" بۆ بیرهێنانەوە،
داواکاری گشتی ئیستەنبوڵ، بڕیاری دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانی ئیستەنبوڵی دەرکرد،
تەنها لەبەر ئەوەی بوێری ئەوەی هەبوو لە دژی ئەردۆغان خۆی کاندید بکات، ئێستاش
فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەرپرسانی ئیسرائیل دەرکردوە".
رۆژی هەینی ٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، نووسینگەی داواکاری گشتیی
ئیستەنبوڵ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ٣٧ گومانلێکراوی ئیسرائیلی فەرمانی
دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، بە تۆمەتی "ئەنجامدانی جینۆساید و تاوان لە دژی
مرۆڤایەتی لە غەزە". کە بڕیارەکە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
و وەزیری بەرگری و وەزیری ئاسایش وفەرماندەی سوپای ئیسرائیلی تێدایە.