ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی وردەکارییەکانی تایبەت بەو هێرشەی ئاشکراکرد کە لە شاری تەدمور لە سووریا ڕوویدا و بووە هۆی کوژرانی سێ ئەمریکی و دەڵێت" هێرشەکە لە کاتی کۆبوونەوەیەکدا لە نێوان بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی و بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بووە".
ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ڕایگەیاند" هێرشەکەی تەدمور لە کاتی کۆبوونەوەیەکدا لە نێوان بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکی و بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بۆ تاوتوێی ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش ڕوویداوە، بەڵام رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە نەکردووە کە چۆن ئەو چەکدارە گەیشتووەتە نزیک کۆبوونەوەی ئەو دوو بەرپرسە سەربازییە ئەمریکی و سورییە، و لەوێ چی کردووە''.
ئاماژەی بەوەشداوە کە سەربازانی ئەمریکا شانبەشانی هێزەکانی سووریا پاسەوانی کۆبوونەوەکەیان دەکرد.
بەپێی ڕۆژنامەکە، دوای هێرشەکە، ویلایەتە یەکگرتووەکان دوو فڕۆکەی جەنگی جۆری (F-16)ی ناردووە بۆ ئەوەی بەسەر ئاسمانی تەدموردا بفڕن.
لای خۆشیەوە نورەدین ئەلبابا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند" ئەنجامدەری هێرشەکەی تەدمور هیچ پەیوەندییەکی سەرکردایەتی لەناو ئاسایشی ناوخۆدا نییە و وەک پاسەوانی سەرکردایەتی هەژمار ناکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دڵنیابوونەوە لە پەیوەندی بە ڕێکخراوی داعش یان هەڵگرتنی بیروباوەڕی ڕێکخراوەکە، ئەمەش دوای ئەوەی میدیاکان بڵاویانکردەوە کە ئەنجامدەری هێرشەکە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی سووریایە".
ڕێکخراوی داعش لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا دەستی بەسەر شاری تەدموردا گرت لە چوارچێوەی فراوانبوونی هەژموونی لە بیابانی سووریا، و لەو ماوەیەدا ڕێکخراوەکە شوێنەوارە دیارەکانی وێرانکرد و پرۆسەی لەسێدارەدانی دژی دانیشتووان و سەربازان ئەنجامدا، دواتر بەر لەوەی ناوچەکە لەدەست بدات بەهۆی هێرشی هێزەکانی حکومەت بە پشتیوانی ڕووسیا، و پاشان لەبەردەم هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە بووە هۆی داڕمانی کۆنترۆڵە فراوانەکەی تا ساڵی ٢٠١٩.
دیمەشق لە کاتی سەردانەکەی سەرۆک شەرع بۆ واشنتن لە مانگی ڕابردوودا، بە فەرمی پەیوەندی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کرد.
هێزەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاوەیان پێکراوە، جگە لە بنکەی تەنف لە نزیک سنوور لەگەڵ ئوردن، کە واشنتن دەڵێت " ئامادەیی سەربازیی لەوێ چڕکردۆتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و پشتیوانی هاوپەیمانە ناوخۆییەکانی".