ڕۆژنامەی (بیڵد) لە زاری سەرچاوەکانی نێو دەزگا ئەمنییەکانی ئەڵمانیاوە بڵاویکردەوە'" پێنج کەس لە ئەڵمانیا دەستبەسەرکراون بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشێکی تیرۆریستی بۆ سەر بازاڕێکی کریسمس لە باڤاریای خواروو".
ڕۆژنامەکە دەڵێت" پێنج کەس کە لە سێ مەغریبی و میسرییەک و سوورییەک پێکهاتوون دەستگیرکراون کە گومان دەکرێت پلانیان بۆ هێرشێکی تیرۆریستی هەبووبێت بۆ سەر بازاڕی کریسمس لە ناوچەی دینگۆلفینگ (باڤاریای خواروو).".
پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان پلانیان هەبووە بە ئۆتۆمبێلێکەوە خۆیان بکەن بە ناو بازاڕی کریسمسەکەدا.
بەپێی ڕۆژنامەکە، سەرۆکایەتی ئەم گرووپە توندڕەوە، ئیمامێکی میسری کردوویەتی کە هانی سێ مەغریبییەکەی داوە بۆ پلاندانان بۆ هێرشەکە.
هاوکات وتەبێژێک بە ناوی نووسینگەی داواکاری گشتی لە میونشن ڕایگەیاند" ڕۆژی شەممە چوار کەس لەم گرووپە ڕووبەڕووی دادوەر کراونەتەوە و بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکردوون".
پیاوێکی سوورییش، کە هێشتا سروشتی تێوەگلانی لە تاوانەکەدا ڕوون نییە، لەژێر دەستبەسەریی کاتیدایە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی (بیڵد)، لایەنی ئەڵمانی زانیارییەکانی پەیوەست بە ئامادەکاری بۆ هێرشە تیرۆریستییەکە لە بریکارێکی دەزگای هەواڵگریی بیانییەوە پێگەیشتووە.