وەزارەتی ناوخۆی سوریا بە فەرمی پشتراستی کردەوە کە هێرشبەرەکەی تەدمور ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی سوریا بووە و خاوەن بیروباوەری" توندڕۆیی ئیسلامی بووە" و هەروەها پەیوەست بەم رووداوە زیاتر لە ١١ ئەندامی هەمان دەزگا بۆ لێکۆڵینەوە دەستگیر کراون.
رۆژی یەکشەممە ١٤ی کانونی یەکەم نوورەدین بابا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە کە ئەو کەسەی هێرشی کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا و سوریا و دوو سەرباز و وەرگێڕێکی ئەمریکی کوشت، ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی سوریا بووە و دەڵێت" ئاگادار بوین کە بیروباوەڕی تووندڕۆیی ئیسلامیی هەبووە".
راشیگەیاند" دامودەزگاکان بڕیاریان دابوو رۆژی یەکشەممە ئەو کەسە لە کارەکەی دووربخەنەوە، لەبەر ئەوەی خاوەن بیری تووندڕۆیی ئیسلامی بووە."
هاوکات ئاژانسی فرانس پرێسی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی سوریا بڵاویکردەوە کە " ئەو کەسە ئەندامی دەزگای ئاسایشی گشتی بووە ، دامودەزگەکان دوای هێرشەکە زیاتر لە ١١ ئەندامی هەمان دەزگایان بۆ لێکۆڵینەوە دەستگیر کردووە".
سەرچاوەکە وتوشییەتی "ئەنجامدەری هێرشەکەی تەدمور زیاتر لە ١٠ مانگە ئەندامی ئاسایشی گشتی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سوریایە. پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ تەدمور، لە چەندین شاری دیکە لەگەڵ دەزگای ئاسایشی گشتی کاری کردووە."
بەگوێرەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە هێرشەکەدا ٢ سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکیان کوژران. میدیای سوریاش پێشتر برینداربوونی ٢ سەربازی سوری راگەیاندبوو.
پێنتاگۆن رایگەیاند" هێرشکارەکە لە لایەن هێزەکانی سوریاوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە"، هەروەها برینداربوونی ٣ سەربازی دیکەی پشتڕاستکردەوە، ئاماژەی بەوەش کرد هێزە هاوبەشەکە لە چوارچێوەی ئەرکی پشتیوانی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە تەدمور بوون.
ڕێکخراوی داعش لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا دەستی بەسەر شاری تەدموردا گرت لە چوارچێوەی فراوانبوونی هەژموونی لە بیابانی سوریا، و لەو ماوەیەدا ڕێکخراوەکە شوێنەوارە دیارەکانی وێرانکرد و پرۆسەی لەسێدارەدانی دژی دانیشتووان و سەربازان ئەنجامدا، دواتر بەر لەوەی ناوچەکە لەدەست بدات بەهۆی هێرشی هێزەکانی حکومەت بە پشتیوانی ڕوسیا، و پاشان لەبەردەم هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان، کە بووە هۆی داڕمانی کۆنترۆڵە فراوانەکەی تا ساڵی ٢٠١٩.
دیمەشق لە کاتی سەردانەکەی سەرۆک شەرع بۆ واشنتن لە مانگی ڕابردوودا، بە فەرمی پەیوەندی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کرد.
هێزەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاوەیان پێکراوە، جگە لە بنکەی تەنف لە نزیک سنوور لەگەڵ ئوردن، کە واشنتن دەڵێت " ئامادەیی سەربازیی لەوێ چڕکردۆتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و پشتیوانی هاوپەیمانە ناوخۆییەکانی".