لە سیدنی پایتەختی ئوستورالیا هێرشی چەکداریی کرایە سەر ئاهەنگێکی جوەکان و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان ١٦ کەس کوژراون و ٤٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئاژانسی فرانس پرێس، یەکشەممە ١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، بڵاویکردەوە'' شاهیدحاڵەکان باس لەودەکەن کە هێرشەکە لەلایەن دوو کەسەوە ئەنجامدراوە کە جلی ڕەشیان لەبەردا بووە، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان بە ناو خەڵککەدا کردوە.''
بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەو ناوچەیەش باس لەوەدەکات، ئەو شوێنەی هێرشەکەی لێی ئەنجامدراوە بە بەردەوامی قەرەباڵغە و ئەمڕۆ بەهۆی هەبوونی چەژنی تایبەت بە جوەکان قەرەباڵغی زیاتری پێوە دیار بووە.
سەبارەت بە هێرشەکەش وتی'' تائێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە بەڵام پێدەچێت کە ئەم هێرشە پلان بۆ داڕێژراوبێت و لە ناو ئۆتۆمبێلی هێرش بەرەکان تەقەمەنی دۆزراوەتەوە کە سادە بوون و دیارە بەدەست ئامادەکراوە.''
هاوکات، بەرپرسی حکومەتی ئەو ویلایەتی هێرشەکەی لێی ئەنجامدراوە دەڵێت''هێرشەکە بە تەواوی جوەکانی دەستنیشانکردوە و ئەوەی ڕوویداوە کردەوەیەکی تیرۆرستی و تاوانکاریە.''
لەلای خۆشیەوە، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا، باسی لەوەکرد، هێرشکردنە سەر جوەکانی وڵاتەکەی هێرشە بۆ سەر تەواوی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە.
هەروەها، سوپاسی ئەو کەسانەی کرد کە ڕووبەڕووی هێرشبەرەکان ببوونەوە بەتایبەت دوای بلاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک کە تێدا کەسێک چەکی دەستی هێرشبەرەکە وەردەگرێت و هەڕەشەی لێدەکات.
بەڵام دواتر هەندێک سەرچاوە باس لەوەدەکەن کە ئەو کەسە باوکی هێرشبەرەکە بووە و بە ڕەچەڵەک عەرەبە و لەوێ بووە بۆ ڕاگترنی کوڕەکەی هەر بۆیە بە ئاسانی چەکەکەی لێوەردەگرێت.
لە کاردانەوەکانی هێرشەکەش، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەلێت'' سیاسەتی هەڵەی ئوستوڕاڵیا کە دژە جووەکان هۆکاری ڕوودانی ئەو توندوتیژیەن و داوای کرد کە تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن.''